بەشێک لە کچە یاریزانانی هەڵبژاردەی ئێران کە داوای پەنابەرییان لە ئوسترالیا کردبوو گەڕانەوە وڵاتەکەیان

دوای مشتومڕێکی زۆر، یاریزانانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ژنانی ئێران کە لە نێوانیاندا ئەو یاریزانانە هەبوون کە داوای پەنابەرییان لە ئوسترالیا کشانبووەوە، لە ڕێگەی دەروازەی سنووری "گوربولاک"ی نێوان تورکیا و ئێران گەیشتنەوە خاکی نیشتمانی خۆیان.


بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری ئاژانسی "فرانس پرێس"، وەفدی گەڕاوە پێکهاتووە لە 4 یاریزان، کە "زەهرا قەنبەری" کاپتنی هەڵبژاردەکە یەکێکە لەوان، لەگەڵ ئەندامێکی دەستەی تەکنیکی. 

ئەم یاریزانانە پێشتر لە ئوسترالیا داوای پەنابەرییان کردبوو، بەڵام دواتر بڕیاریاندا داواکارییەکانیان بکشێننەوە و بگەڕێنەوە بۆ ئێران.


وەفدەکە ئێوارەی سێشەممە لە وڵاتی عومانەوە گەیشتنە ئەستەنبوڵ، دواتر بە فڕۆکە چوونە شاری "ئیغدیر" لە ڕۆژهەڵاتی تورکیا و لەوێشەوە بە پاس بەرەو دەروازەی سنووری "گوربولاک - بازرگان" بەڕێکەوتن. شاری بازرگان کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاوای ئێران، نزیکەی 900 کیلۆمەتر لە تارانەوە دوورە.


یەکێک لە کچە یاریزانەکان لە فڕۆکەخانەی کوالالامپور بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە: "بیری خێزانەکەم دەکەم".



هەفتەی ڕابردوو، 7 کچە یاریزانی هەڵبژاردەی ئێران دوای بەشداریکردنیان لە جامی ئاسیای ژنان لە ئوسترالیا، داوای پەنابەرییان کردبوو. ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە لە ناوخۆی وڵاتەکەیان بەهۆی نەخوێندنی سرودی نیشتمانی لە یاری یەکەمدا، ڕووبەڕووی هێرش ببنەوە. بەڵام دواتر 5 یاریزانیان لە بڕیارەکەیان پەشیمان بوونەوە و تەنها 2 یاریزانیان لە ئوسترالیا مانەوە.


کاردانەوەی فەرمی:
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" پێشوازی لە گەڕانەوەیان کرد و ڕایگەیاند: "ئەم یاریزانانە ڕۆڵەی نیشتمانن و گەلی ئێران لە ئامێزیان دەگرێت"، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە گەڕانەوەیان "نەیارانی کۆماری ئیسلامی نائومێد کردووە".

لەکاتێکدا ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ باس لەوە دەکەن کە فشار خراوەتە سەر خێزانی یاریزانەکان بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە، دەسەڵاتدارانی ئێرانیش حکومەتی ئوسترالیا تۆمەتبار دەکەن بەوەی فشاری لە یاریزانەکان کردووە تاوەکو لەو وڵاتە بمێننەوە.






PM:09:30:18/03/2026