یانەی بەرشەلۆنە لە لێواری یەکسانکردنەوەی ژمارەیەکی پێوانەیی مێژووییدایە لە یاریگای خۆیدا، کاتێک ئێوارەی ئەمڕۆ لە چوارچێوەی ڕکابەرییەکانی خولی ئیسپانیا ڕووبەڕووی ڕایۆ ڤاییکانۆ دەبێتەوە.
بەرشەلۆنە لەم وەرزەی خولی ئیسپانیادا هەموو 14 یارییەکەی لە یاریگای خۆیدا بردووەتەوە، بەمەش تۆماری بێ دۆڕانی خۆی درێژە پێدا کە لە سەرەتای وەرزەوە لە چەند یاریگایەکی جیاواز دەستی پێکرد پێش ئەوەی دووبارە لە یاریگای کامپ نۆ جێگیر بێتەوە.
لەسەر ئاستی سەرجەم پاڵەوانێتییەکان، یانە کەتەلۆنییەکە لە ئێستادا خاوەنی زنجیرەی 13 سەرکەوتنی یەک لەدوای یەکە.
ژمارەی پێوانەیی یانەکە بۆ زۆرترین سەرکەوتنی یەک لەدوای یەک لە یاریگای خۆیدا لە یەک وەرزی خولدا 15 سەرکەوتنە، ئەمەش لە دوو سەردەمی ئەفسانەییدا لەژێر سەرپەرشتی فێردیناند داوچیک (1952/1953) و هێلینیۆ هێرێرا (1958-1960) تۆمارکراوە.
بەدەستهێنانی سەرکەوتن بەرامبەر ڕایۆ ڤاییکانۆ، وادەکات تیمی ئێستا ئەو دەستکەوتە یەکسان بکاتەوە، ئەمەش دەیانخاتە ڕیزی هەندێک لە بەناوبانگترین تیمەکانی مێژووی بەرشەلۆنە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ژمارەی پێوانەیی لە سەرجەم وەرزەکاندا بریتییە لە 39 سەرکەوتنی یەک لەدوای یەک لە یاریگای خۆیدا، کە ئەو ژمارەیە لە نێوان کۆتاییەکانی پەنجاکان و سەرەتای شەستەکاندا بەدەستهاتووە.