تەنها چەند مانگێکی کەم بۆ دەستپێکردنی گەورەترین ڕووداوی وەرزشی جیهان ماوە، بەڵام فیفا ڕووبەڕووی گرفتێکی جیدی بووەتەوە لە فرۆشتنی پلیتەکان.
سەرەڕای ئەوەی مۆندیالی داهاتوو مێژووییە و بۆ یەکەمجار بە بەشداری 48 هەڵبژاردە بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە خواست لەسەر پلیتەکان بە شێوەیەکی بەرچاو پاشەکشەی کردووە.
یاریگاکان هێشتا لە فرۆشتنی تەواوی پلیتەکانەوە دوورن، ئەمەش وای کردووە فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ (فیفا) بکەوێتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
هەوڵە نوێیەکانی فیفا بۆ پڕکردنەوەی یاریگاکان:
هەڵمەتی مارکێتینگی چڕ: فیفا ئامادەکاری دەکات بۆ هەڵمەتێکی ڕاگەیاندنی بەرفراوان و خێرا لە کۆتا ساتەکاندا، بە ئامانجی زیادکردنی جۆش و خرۆشی هاندەران و ڕاکێشانی زۆرترین بینەر بۆ یاریگاکان.
دەستکاریکردنی نرخی پلیتەکان: بۆ یەکەمجار، ئەگەری ئەوە لەبەرچاو گیراوە کە گۆڕانکاری لە نرخی پلیتەکاندا بکرێت و نرخەکان دابشکێنرێن، تاوەکو خواست دروست ببێت و کورسییە چۆڵەکانی ناو یاریگاکان پڕبکرێنەوە.
پەرەپێدانی خێرا: کاردەکرێت بۆ ئەوەی لەم چەند مانگەی پێش دەستپێکردنی پاڵەوانێتییەکە، ئاسانکاری زیاتر بۆ هاندەران بکرێت تاوەکو هان بدرێن بۆ ئامادەبوون لە یارییەکاندا.
چاودێرانی وەرزشی پێیان وایە ئەم ساردووسڕییەی هاندەران بۆ فیفا جێگەی سەرسوڕمانە، بە تایبەت کە چاوەڕوان دەکرا زیادکردنی ژمارەی هەڵبژاردەکان بۆ 48 تیم، بینەرێکی بێشومار بۆ پاڵەوانێتییەکە ڕابکێشێت.