ئاڵۆزی لەنێوان ئەربیلواو یاریزانێکی روویداوە

رۆژنامەی مارکا بڵاویکردۆتەوە، پەیوەندی نێوان ڕائول ئەسینسیۆ و ئەلڤارۆ ئەربێلۆا گرژییەکی زۆری بەخۆوە بینیوە دوای ناکۆکییەکی توند لە نێوانیاندا.

قەیرانەکە کاتێک دەستی پێکرد کە ئەربێلۆا بڕیاری دا ئەسینسیۆ لەسەر کورسی یەدەگ بهێڵێتەوە لە یاریی بەرامبەر مانچستەر سیتی، ئەمەش توڕەیی یاریزانەکەی لێکەوتەوە و ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی ڕاهێنەرەکەی بووەوە.

کارەکان زیاتر پەرەیان سەند، هەرچەندە ئەربێلۆا بەنیازی ئەوە بوو وەک سەرەکی بەشداریی پێ بکات بەرامبەر ئێلچی، بەڵام ئەسینسیۆ بەیانی ڕۆژی یارییەکە لەگەڵ پزیشکێکدا چووە نووسینگەی ڕاهێنەر و پێی ڕاگەیاند کە هەست بە ناڕەحەتییەکی کەمی ماسولکەیی دەکات و ئامادە نییە، ئەمەش ڕاهێنەرەکەی توڕە کرد.


بەو هۆیەوە، ئەربێلۆا ناچار بوو ڕودیگێر بەشداریی پێ بکات لەبری ئەوەی پشووی پێ بدات، ئەمەش یاریزانەکەی ڕازی نەکرد بەهۆی پابەندبوونی توندی بە بەرنامەی ئامادەکاری بۆ یارییەکان.

دواتر، ئەربێلۆا بڕیاری دا ئەسینسیۆ لە یارییەکانی بەرامبەر ئێلچی، مانچستەر سیتی و ئەتلەتیکۆ مەدرید دوور بخاتەوە، سەرەڕای ئەوەی بە شێوەیەکی ئاسایی بەشداریی ڕاهێنانەکانی دەکرد، ئەمەش بەهۆی داوای لێبووردن نەکردنی لە تیپەکە سەبارەت بە ناڕەزایەتی دەربڕینی بەرامبەر بڕیارەکەی ڕاهێنەر.






PM:04:37:08/04/2026