فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ (FIFA) ڕووبەڕووی شەپۆلێکی توندی ڕەخنە بووەتەوە دوای ئەوەی جۆرێکی نوێی بلیتی بۆ یارییەکانی مۆندیال ناساند.
فیفا بڕیاریداوە کورسییەکانی "ڕیزی پێشەوە وەک پۆلێنێکی سەربەخۆ بفرۆشێت، ئەمەش ناڕەزایەتییەکی زۆری لێکەوتووەتەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی The Athletic، فیفا نرخی ئەم بلیتە نوێیانەی بە دوو هێندەی نرخی بلیتەکانی "پلە 1" دیاری کردووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە مۆندیالەکانی ڕابردوودا، ئەو هاندەرانەی بلیتی پلە 1یان دەکڕی، بەبێ پارەی زیادە چانسی ئەوەیان هەبوو لە ڕیزی پێشەوەی یاریگاکان دانیشن.
هاندەران لە سەرانسەری جیهان ئەم هەنگاوەی فیفا بە "فێڵ و چەواشەکاری" ناودەبەن. زۆرێک لە ڕەخنەگران پێیان وایە فیفا تەنها مەبەستی کۆکردنەوەی قازانجی زیاترە لەسەر حیسابی هاندەرە سادەکان، بەبێ ئەوەی هیچ گۆڕانکارییەک لە جۆری خزمەتگوزارییەکەتدا بکات، تەنها هەمان کورسی پێشترت بە دوو هێندە نرخ پێ دەفرۆشێتەوە.