یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا (UEFA) بە فەرمی بڕیاری خۆی سەبارەت بەو سکاڵایە ڕاگەیاند کە یانەی بارسێلۆنا دوای یاری چونی قۆناغی 8ـی خولی پاڵەوانەکانی ئەوروپا پێشکەشی کردبوو.
لیژنەی سزاکانی سەر بە یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا ئاشکرای کرد کە داواکارییەکەی یانەی بارسێلۆنایان ڕەتکردووەتەوە. سکاڵاکەی بارسا پەیوەندی بە بڕیارێکی ناوبژیوانەوە هەبوو سەبارەت بە بەرکەوتنی تۆپ بە دەستی بوبێل، یاریزانی ئەتلەتیکۆ مەدرید، کە دوای پاسێکی موسۆی گۆڵپارێز ڕوویدابوو.
"دوای یاری چونی قۆناغی 8ـی خولی پاڵەوانەکانی ئەوروپا، کە ڕۆژی چوارشەممە 8 نیسانی 2026 لە نێوان یانەی بارسێلۆنا و ئەتلەتیکۆ مەدرید ئەنجامدرا، یانەی بارسێلۆنا ناڕەزایەتییەکی لەسەر بڕیارێکی ناوبژیوانی پێشکەش کرد. لە 13 نیسانی 2026، دەستەی چاودێری و ڕەوشت و سزاکانی سەر بە یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا، وەرنەگرتنی ناڕەزایەتییەکەی ڕاگەیاند."
بەم بڕیارە، ئەنجامی یارییەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە و هیچ سزایەک یان گۆڕانکارییەک لە ئەنجامی ئەو ڕووداوەدا نایەتە کایەوە، بەوەش بارسێلۆنا یەکێک لە هەوڵە یاساییەکانی بۆ فشار خستنە سەر ناوبژیوانانی ئەو یارییە لەدەستدا.