یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لە هەوڵەکانی بۆ بەهێزکردنی ڕیزەکانی بەردەوامە، بەڵام گواستنەوەی مارکوس ڕاشفۆرد، ئەستێرەی ئینگلیزی، پێویستی بە تێپەڕاندنی کۆسپێکی دارایی گەورە هەیە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی **"مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ"**ی ئیسپانی، یانەی بەرشەلۆنە پێویستی بە ڕەخساندنی بڕی 25 ملیۆن یۆرۆ هەیە لە چوارچێوەی یاسای "یاری خاوێنی دارایی" (Fair Play) بە شێوەی ساڵانە، تاوەکو بتوانێت ناوی مارکوس ڕاشفۆرد لە لیستی یاریزانەکانیدا تۆمار بکات.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئیدارەی یانە کەتەلۆنییەکە تاوەکو ئێستا بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەم گواستنەوەیە نەداوە.
هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی یانەکە لە پاڵ ڕاشفۆرددا، چاودێری چەند یاریزانێکی تری باڵەکان دەکات کە تێچووی کڕین و مووچەکانیان کەمتر بێت و لەگەڵ بارودۆخی دارایی ئێستای یانەکەدا بگونجێت.
جێی باسە مارکوس ڕاشفۆرد یەکێکە لەو ناوانەی کە لەم وەرزەدا بەردەوام بەستراوەتەوە بە یانە گەورەکانی ئەوروپا، بەڵام یاسا توندەکانی لالیگا بۆ سنووردارکردنی خەرجییەکان، کارەکەی بۆ بەرشەلۆنە قورس کردووە.