تووڕەیی لە مەدرید؛ ڕەفتارێکی مباپێ بەرپرسانی یانەکەی هەژاندووە

پێگەی ABCی ئیسپانی ئاشکرای کرد، کە یانەی ڕیال مەدرید بە توندی لە هەڵسوکەوتەکانی کیلیان مباپێ، ئەستێرەی فەڕەنسی یانەکە، نیگەران و تووڕەن. ئەمەش دوای ئەو دیمەنانەی لە یارییەکەی بەرامبەر ڕیال بێتیس لە خولی ئیسپانی تۆمار کران.

​سەیرکردنی کاتژمێر و جێهێشتنی یاریگا

​بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەکە، لە کاتی یارییەکەدا مباپێ بە شێوەیەک دەرکەوتووە کە زۆر بێزار و بێتاقەت بووە، چەندین جار بە شێوەیەکی خێرا سەیری کاتژمێری ناو یاریگای کردووە، وەک ئەوەی بیەوێت بە زووترین کات یارییەکە کۆتایی بێت. ئەوەی زیاتر بەرپرسانی یانەکەی بێزار کردووە، ئەوە بووە کە ڕاستەوخۆ دوای فیکەی کۆتایی، بەبێ ئەوەی لەگەڵ هاوڕێکانی بوەستێت یان سوپاسی هاندەرانی ئامادەبوو بکات، بە تەنیا ڕاستەوخۆ بەرەو ژووری جلگۆڕین ڕۆیشتووە و یاریگای جێهێشتووە.

​پابەند نەبوون و بێڕێزی

​ئیدارەی ڕیال مەدرید پێیان وایە ئەم جۆرە ڕەفتارانە نیشانەی پابەند نەبوونی یاریزانەکەیە بە پەیڕەوی ناوخۆی یانەکە و بێڕێزییە بەرامبەر بەو هاندەرانەی بۆ پشتگیری تیمەکە هاتوونەتە یاریگا. ئەم دۆخە لە کاتێکدایە کە مباپێ لە ژێر فشارێکی زۆردایە و ئاستی لەم دواییانەدا لەلایەن میدیاکان و چاودێرانی وەرزشییەوە ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند بووەتەوە.

​ئەم کاردانەوەیەی مباپێ، گومانی لەسەر کەشی ناو ژووری جلگۆڕین و پەیوەندی نێوان یاریزانەکە و ئیدارەی یانەکە دروست کردووە، بەتایبەت کە ڕیال مەدرید هەمیشە جەخت لەسەر گیانی کۆمەڵ و ڕێزگرتن لە هاندەران دەکاتەوە وەک بەشێکی بنەڕەتی لە ناسنامەی یانەکە.




PM:05:14:26/04/2026