بەپێی نوێترین زانیارییەکانی ڕادیۆی COPEی ئیسپانی، یانەی ڕیاڵ مەدرید هەنگاوە پراکتیکییەکانی بۆ گۆڕانکاری لە ستافی تەکنیکی یانەکە دەستپێکردووە و ناوی لیۆنێل سکالۆنی، ڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئەرژەنتین، وەک بەهێزترین بەربژێر دەردەکەوێت.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی شاهانە، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە سکالۆنییەوە کردووە تاوەکو ڕای وەر بگرێت بۆ وەرگرتنی ئەرکی ڕاهێنەرایەتی تیپەکە لە قۆناغی داهاتوودا.
ئەم هەوڵەی پێرێز لە کاتێکدایە کە ئیدارەی یانەکە سەرسامن بەو کارەکتەر و سەرکەوتنانەی سکالۆنی لەگەڵ ئەرژەنتین بەدەستی هێناوە، و بە گونجاوترین کەسی دەبینن بۆ بەڕێوەبردنی ژووری جلگۆڕینی پڕ لە ئەستێرەی سپیپۆشەکان.
هەرچەندە پێشتر ناوی ئەربێلوا وەک بژاردەیەک دەهات بۆ مانەوە، بەڵام دزەکردنی ئەم هەواڵە لەلایەن "کۆپێ"وە ئاماژەیەکی ڕوونە کە ڕیاڵ مەدرید دەیەوێت جارێکی تر بە ڕاهێنەرێکی خاوەن ئەزموون و نازناوی جیهانی بگەڕێتەوە سەر سەکۆی شانازییەکان.