دوای ئەو پێکانە سەختەی تووشی ئێدەر میلیتاو بوو، یانەی ڕیاڵ مەدرید پێداچوونەوە بە پلانەکانی بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا دەکات و بڕیارێکی نوێ سەبارەت بە داهاتووی بەرگریکارە لاوەکەی، ڕائول ئاسێنسیۆ دەدات.
بەگوێرەی هەواڵێکی ڕۆژنامەی ئاس (AS)، ئەو پلانەی پێشتر یانە مەدریدییەکە دایڕشتبوو بۆ فرۆشتنی ئاسێنسیۆ، لە ئێستادا بە ئەگەرێکی زۆرەوە ڕادەگیرێت. پێکانەکەی میلیتاو وایکردووە ستافی تەکنیکی پێویستییان بە تواناکانی ئەم یاریزانە هەبێت بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی هێڵی بەرگری.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، تەنها پێکانەکەی میلیتاو هۆکار نییە بۆ گۆڕینی بڕیارەکە، بەڵکو ڕەفتار، پابەندبوون و ئاستە بەرزەکەی ئاسێنسیۆ لە مەشق و ڕاهێنانەکاندا سەرنجی کارگێڕی یانەکەی ڕاکێشاوە. بەمەش یاریزانەکە بووەتە پاڵێوراوێکی سەرەکی و بەهێز بۆ ئەوەی وەرزی داهاتووش لە ریزەکانی مێرەنگی بمێنێتەوە و ببێتە بەشێک لە پڕۆژەی یانەکە.