مایکڵ بالاک، ئەستێرەی پێشووی تۆپی پێی ئەڵمانیا، بە توندی ڕەخنەی لە ئاستی ناوبژیوانی گرت لە یارییەکەی بایرن میونشن و ئاماژەی بەوە کرد کە بڕیارەکان بە ئاڕاستەیەک بوون زیان بە یانە ئەڵمانییەکە بگەیەنن.
بالاک لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر دیمەنی دەرنەکردنی نونو مێندێز بە کارتی سوور و ڕایگەیاند: ئەمە ساتێکی یەکلاکەرەوە بوو کە ڕەوتی یارییەکەی گۆڕی. بۆ یەکەمجارە لە ژیانمدا دەبینم ناوبژیوانی 4ـەم لە بڕیارێکی ئاوادا دەستوەردان بکات.
ناوبراو وتیشی: بە ڕاشکاوی دەیڵێم، هەستم کرد نەیانویست کارتی زەردی 2ـەم و پاشان سوور بەو یاریزانە بدەن. هەندێک جار وا هەست دەکرێت کە هەوڵ دەدرێت یارییەکە بەرەو سیناریۆیەکی دیاریکراو ببرێت. نامەوێت تۆمەتی ڕاستەوخۆ بدەمە پاڵ کەس، بەڵام بڕیارەکە بە هیچ شێوەیەک دروست نەبوو.