میدیا جیهانییەکان و ڕۆژنامەنووسە باوەڕپێکراوەکان بۆمبێکی گەورەیان لە جیهانی تۆپی پێدا تەقاندەوە بەپێی دوایین پێشهاتەکان، یانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی بە فەرمی لەگەڵ ڕاهێنەری پورتوگالی، جۆزێ مورینیۆ، گەیشتووەتە ڕێککەوتن بۆ ئەوەی دووبارە سەرکردایەتی لۆس بلانکۆس بگرێتە دەست.
فابریزیۆ ڕۆمانۆ: ڕێککەوتنی کۆتایی کراوە
ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئیتالی، فابریزیۆ ڕۆمانۆ، بە دەستەواژە بەناوبانگەکەی خۆی **"Here We Go”** گواستنەوەی مورینیۆی بۆ مەدرید پشتڕاستکردەوە. ڕۆمانۆ ڕایگەیاند کە ڕێککەوتنی زارەکی لەسەر سەرجەم وردەکارییەکان کراوە و تەنها واژۆکردنی گرێبەستە فەرمییەکان ماوە.
ماوەی گرێبەستەکە: پلانەکە ئەوەیە مورینیۆ گرێبەستێکی سەرەتایی بۆ ماوەی 2 ساڵ واژۆ بکات. بڕیاریشە دوای یارییەکەی ڕیاڵ مەدرید و ئەتلەتیک بیلباو، گەشت بۆ پایتەختی ئیسپانیا بکات.
ڕادیۆی COPE: ڕیاڵ مەدرید مەرجەکانی مورینیۆی قبوڵ کرد
بەپێی ڕاپۆرتێکی تۆڕی ڕادیۆیی COPEی ئیسپانی، کارگێڕی یانەی شاهانە بە تەواوی چۆکی داداوە بۆ داواکارییەکانی "سپێشەل وەن" و ڕەزامەندی لەسەر ئەم چوار مەرجە سەرەکییە دەربڕیوە:
بڕیاردان لە گواستنەوەکان:مورینیۆ مافی تەواوی دەبێت لە دەستنیشانکردنی ئەو یاریزانانەی دەهێنرێنە یانەکە و دیاریکردنی ئەو شوێنانەی پێویستیان بە بەهێزکردن هەیە.
سەربەخۆیی تەواو: کارگێڕی یانەکە بە هیچ شێوازێک دەستوەردان لە کارەکانی، شێوازی مەشق و ڕاهێنانەکان و بەڕێوەبردنی تیپەکەدا ناکات.
کەمکردنەوەی فشارە میدییاییەکان: فەرزنەکردنی هیچ کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ناپێویست بەسەر ڕاهێنەرەکەدا.
تاقمی تایبەت: ڕێگەدان بە هێنانی تەواوی ستافی هونەری تایبەت بە خۆی بۆ یانەکە.
متمانەی تەواوی مورینیۆ بە گۆڕینی دۆخەکە
تۆڕی COPE ئاماژەی بەوەش کردووە کە جۆزێ مورینیۆ متمانەیەکی زۆری بە خۆی هەیە کە دەتوانێت دۆخی ئێستای ڕیاڵ مەدرید بە تەواوی بگۆڕێت، چ لە ناوەوەی یاریگا (لە ڕووی تاکتیکی و ئەنجامەکانەوە) و چ لە دەرەوەی یاریگا (لە ڕووی کەسایەتی و ململانێ میدیاییەکانەوە).