بڕیارێکی مێژوویی لە ڕێگایە؛ فیفا دەیەوێت کاتژمێری یارییەکانی تۆپی پێ ڕاگرێت

فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ (FIFA) لە پشت پەردەوە تاوتوێی گۆڕانکارییەکی گەورە و بێپێشینە لە یاساکانی تۆپی پێدا دەکات، کە ئەویش ڕاگرتنی کاتژمێری یارییەکەیە لە کاتی وەستانی یاریدا.

​ئەم پێشنیارە بە شێوەیەکی زۆر جدی لە ناوخۆی فیفادا کارنامەی لەسەر دەکرێت لەبەر ئەوەی فیفا خاوەنی 4 دەنگە لە کۆی 8 دەنگی ئەنجومەنی یاسادانانی تۆپی پێ (IFAB)، هێزێکی تەواوی هەیە بۆ ئەوەی بڕیارەکە بەرەو جێبەجێکردن ببات.

​ئامانجی سەرەکی لەم هەنگاوە، کۆتاییهێنانە بە دیاردەی کات بەفیڕۆدان لەلایەن یاریزانانەوە لە کاتی پێکان، گۆڕانکاری، یان ئاهەنگێڕانی گۆڵ، بە شێوەیەک کە هاوشێوەی یاری باسکە هەر کاتێک یاری وەستا کاتژمێریش دەوەستێت.

​چاوەڕوان دەکرێت لە ئەگەری پەسەندکردنی، ئەم یاسا نوێیە لە ساڵی 2028 بە فەرمی لە 5 خولە گەورەکەی ئەوروپا جێبەجێ بکرێت.




PM:01:14:22/05/2026