بەهۆی گرانی نرخی بلیتەکان؛ فیفا لەلایەن نیویۆرک و نیوجێرسییەوە بانگهێشتی دادگا دەکرێت

بەهۆی بەرزی نرخی بلیتی یارییەکانی مۆندیالی داهاتوو، هەردوو ویلایەتی نیویۆرک و نیوجێرسی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، فیفایان بانگهێشتی دادگا کرد.

​بەرپرسانی هەردوو ویلایەتەکە ئاشکرایان کردووە، لێکۆڵینەوەیەکی وردیان لەبارەی نرخی بلیتەکانی مۆندیال دەستپێکردووە و دەیانەوێت بەدواداچوون بۆ هۆکاری ئەو بەرزبوونەوە بەرچاوە بکەن.

​بەپێی ئەو زانیارییانەی داواکاری گشتیی هەردوو ویلایەتەکە پشتی پێ دەبەستن کە لە ڕاپۆرتە هەواڵییەکاندا بڵاوکراونەتەوە، فیفا لە نێوان مانگی 10ی ساڵی ڕابردوو تا مانگی 4ی ئەمساڵ، نرخی بلیتی زۆربەی ئەو 104 یارییەی مۆندیالی بەرزکردووەتەوە.

​ئامارەکان دەریانخستووە، نرخی ئەو 3 پلە سەرەکییەی بلیتەکان کە بۆ هاندەران دیاریکراوە، بە تێکڕا بە ڕێژەی 34% بەرزبووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی ناڕەزایەتیی و دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەی یاسایی لە دژی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ (فیفا).




PM:01:26:28/05/2026