بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست (UOL) کەوتووە، هێشتا دەرگای بەشداریکردنی نەیمار داسیلڤا لە یەکەم یاریی هەڵبژاردەی بەرازیل لە جامی جیهانیدا بەرامبەر هەڵبژاردەی مەغریب بە کراوەیی ماوەتەوە.
سەرەڕای ئەوەی پێشبینییەکان بۆ بەشداریکردنی لەو یارییەدا کەمن، بەڵام بەپێی سەرچاوە ناوخۆییەکان، رەوشی تەندروستی ئەستێرەکەی "سێلێسایۆ" بەرەو باشبوون دەچێت و نزیکە لە گەڕانەوە بۆ نێو یاریگاکان.
بڕیاری کۆتایی لەسەر بەشداریکردنی یاریزانە ژمارە 10، دوای ئەنجامدانی پشکنینێکی دیکەی پزیشکی لە رۆژی دووشەممەی داهاتوو دەدرێت. لەسەر بنەمای ئەنجامی ئەو پشکنینە، دەستەی هونەری هەڵبژاردەی بەرازیل بڕیار دەدات کە ئایا نەیمار لەگەڵ باقی یاریزانانی تیپەکەدا دەست بە مەشق و راهێنانەکان دەکاتەوە و لە یارییەکەی رۆژی شەممەی داهاتوودا ئامادە دەبێت یان نا.