وێنە.. مەکسیکۆسیتی، فرانس پرێس
ئەمشەو مۆندیالی ٢٠٢٦ دەستپێدەکات و دەبێتە بیست و سێیەمین خولی پاڵەوانێتیەکە کە گرنگترین پاڵەوانێتی نێودەوڵەتی تۆپی پێی پیاوانە و چوار ساڵ جارێک بەڕێوەدەچێت و هەڵبژاردە نیشتمانییەکانی ئەندام لە یەکێتیی نێودەوڵەتی تۆپی پێ (فیفا) تێیدا ڕکابەری دەکەن.
ئەمشەو جگە لە ئاهەنگی کردنەوە یەکەم یاری نێوان باشوری ئەفەریقاو مەکسیک دەبێت.
پاڵەوانێتییەکە لە ماوەی نێوان ١١ی حوزەیران تا ١٩ی تەموزی ٢٠٢٦ بەڕێوەدەچێت و، ئەم مۆندیالە بە هاوبەشی لە ١٦ شار لە سێ وڵاتی ئەمریکای باکوور کە بریتین لە کەنەدا، مەکسیک و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سازدەکرێت.
ئەم خولە دەبێتە یەکەم کۆپا جیهانی کە بە ڕێکخستنی هاوبەش لە نێوان سێ وڵاتدا بەڕێوەبچێت، هەروەها دەبێتە یەکەم خول کە ٤٨ هەڵبژاردە بەشداریدەکەن، ئەمەش دوای زیادکردنی ژمارەی هەڵبژاردەکان لە ٣٢ هەڵبژاردەوە.
پێشنیارە هاوبەشەکە بۆ میوانداریکردنی کۆپا جیهانی ٢٠٢٦، توانی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت بەسەر پێشنیارە ڕکابەرەکەی مەغریبدا لە کاتی دەنگدانی کۆتاییدا لە کۆنگرەی شەست و هەشتەمی فیفا لە مۆسکۆ.
ئەمە دەبێتە یەکەم خولی کۆپا جیهانی لە دوای خولی ساڵی ٢٠٠٢ەوە کە زیاتر لە وڵاتێک میوانداری بکات.
مەکسیک بەهۆی میوانداریکردنی پێشووی لە ساڵانی ١٩٧٠ و ١٩٨٦، دەبێتە یەکەم وڵات کە سێ جار میوانداری یان بەشداری لە میوانداریکردنی کۆپا جیهانیدا بکات.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش پێشتر لە ساڵی ١٩٩٤ میوانداری کۆپا جیهانی کردبوو، لە کاتێکدا ئەمە یەکەمجار دەبێت کە کەنەدا میوانداری یان بەشداری لە میوانداریکردنی پاڵەوانێتییەکەدا بکات.
پاڵەوانێتییەکە دەگەڕێتەوە بۆ خشتە هاوینە باوەکەی خۆی، دوای ئەوەی خولی ساڵی ٢٠٢٢ لە قەتەر لە ماوەی مانگەکانی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەم واتە لەوەرزی پایزی هەمان ساڵدا و بە شێوەیەکی نائاسایی بەڕێوەچوو.
وەک وڵاتانی میواندار، هەر سێ وڵاتی کەنەدا، مەکسیک و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەشداری پاڵەوانێتییەکە دەکەن، هەروەها هەریەکە لە هەڵبژاردەکانی کەیپ ڤێرد (الرأس الأخضر)، کوراساو، ئوردن و ئۆزبەکستان بۆ یەکەمجار لە مێژوویاندا بەشداری لە کۆپا جیهانیدا دەکەن.
هەڵبژاردەی ئەرژەنتینیش هەڵگری نازناوەکەیە، دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٢٢دا سێیەمین نازناوی خۆی بەدەستهێنا بەشداری پاڵەوانێتیکەیە.