دوای یەکسانبوونی هەڵبژاردەی پۆرتوگال بە ئەنجامی 1-1 لە یەکەم یارییان لە مۆندیالی 2026، لێدوانەکانی "جواو نێڤێس"ی یاریزانی ناوەڕاستی هەڵبژاردەکە بووە هۆی شەپۆلێکی گەورەی ناڕەزایی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن هاندەرانی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆوە.
هێرشەکان دوای ئەوە دەستیپێکرد کە نێڤێسی تەمەن 21 ساڵ لەدوای یارییەکەیان بەرامبەر کۆماری کۆنگۆ وتی: "ئێمە دەزانین کریستیانۆ چی پێشکەش کردووە، بەڵام لە ئێستادا ئەو جیاواز نییە لە ئێمە. ئەو تەنها یاریزانێکی ترە کە یارمەتی تیمەکە دەدات، نەک کەسێکی جیاواز لەوانی تر". ئەم لێدوانە لەلایەن بەشێک لە هاندەرانەوە وەک سوکایەتیپێکردن بە پێگەی ئەفسانەیی ڕۆناڵدۆ لێکدرایەوە.
ئەم دۆخە لە کاتێکدایە کە گفتوگۆیەکی زۆر لەسەر مانەوەی ڕۆناڵدۆ لە پێکهاتەی سەرەکیدا هەیە، بەتایبەت دوای لەدەستدانی چەندین هەل لە یارییەکەی کۆنگۆ و یەکسانبوونی تیمەکە. هەروەها ناڕەزایی هەیە لەسەر کورسی یەدەگئ یاریزانانی وەک جواو فیلێکس، رافائێل لیاو و گۆنزاڵۆ ڕامۆس، لە کاتێکدا رووبێرتۆ مارتینێزی راهێنەر سوودی لە سەرجەم گۆڕانکارییەکان نەبینی.
لە لایەکی ترەوە، ئامارەکان فشارەکان زیاتر دەکەن، چونکە بەپێی تۆمارەکان، کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ لە 19ی حوزەیرانی 2021ـەوە هیچ گۆڵێکی لە یاری کراوەدا لە مۆندیال یان یۆرۆدا تۆمار نەکردووە، تەنها گۆڵەکانی لەو ماوەیەدا لە رێگەی لێدانی سزا بوون. ئەو لە 10 یاری کۆتایی خۆیدا لە پاڵەوانێتییە گەورەکاندا، لە دوای گۆڵەکەی بەرامبەر غانا لە مۆندیالی 2022، نەیتوانیوە هیچ گۆڵێکی تر تۆمار بکات.