بۆ یەکەمجار لە مۆندیالی 2026 یاسای ڤینسیۆس جێبەجێکرا

​لە رکابەرییەکانی مۆندیالی 2026، یەکەم حاڵەتی دەرکردن بەپێی یاسا نوێکە سەبارەت بە داپۆشینی دەم لە کاتی دەمەقاڵێدا روویدا، بەوەش ئەستێرەیەکی هەڵبژاردەی پاراگوای بووە یەکەم یاریزان کە بەهۆی داپۆشینی دەمیەوە  کارتی سوور وەربگرێت.

​هەڵبژاردەی پاراگوای سەرکەوتنێکی سەختی بە ئەنجامی (1-0) بەسەر تورکیادا بەدەستهێنا، لەو رووبەڕووبوونەوەیەی کە بەیانی ئەمڕۆ شەممە لە چوارچێوەی کۆمەڵەی چوارەمی جامی جیهانی 2026دا بەڕێوەچوو، کە ئێستا لە ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەدەچێت.

​ئەستێرەیەکی پاراگوای دەچێتە مێژووی مۆندیالی 2026

​ئەستێرەی هەڵبژاردەی پاراگوای، میگێل ئەلمیرۆن بە شێوازێکی نائاسایی چوە مێژووەوە، دوای ئەوەی ناوبژیوان ئیڤان بارتۆن بڕیاریدا کارتی سووری بداتێ لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی تورکیا، ئەوەش پاش ئەوەی دەمەقاڵێ لەگەڵ بەرگریکار میرت مولدور روویدا و لە کاتی قسەکردندا دەستی بە دەمیەوە گرتبوو.

​بڕیاری دەرکردنەکە دوای گەڕانەوە بۆ تەکنەلۆژیای ڤیدیۆیی (VAR) هات، وەک جێبەجێکردنێکی راستەوخۆی ئەو دەستکاریکردنە نوێیەی کە ئەنجومەنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ (IFAB) پێش دەستپێکردنی پاڵەوانێتییەکە پەسەندی کردبوو، یاساکەش دەڵێت: دەکرێت سزای هەر یاریزانێک بدرێت کە لە کاتی دەمەقاڵێ لەگەڵ بەرانبەردا دەمی دادەپۆشێت.

​ئامانج لەم رێوشوێنە سنووردارکردنی رەفتارە نەشیاوەکانە لە نێو یاریگاکاندا، هەروەها رێگریکردنە لە یاریزانان لە شاردنەوەی ئەو دەستەواژانەی کە رەنگە رەگەزپەرستانە یان سوکایەتیپێکردن بن، بەتایبەتی لە سایەی سەختی سەلماندنی ئەم جۆرە حاڵەتانە لە رابردوودا.

​ئەم یاسایە بە فەرمی لەگەڵ مۆندیالی 2026 چووە بواری جێبەجێکردنەوە، دوای ئەوەی لە مانگی نیسان لە کۆبوونەوەیەکدا بە کۆی دەنگ لەلایەن IFAB پەسەندکرا، ئەوەش لە چوارچێوەی کۆمەڵێک رێوشوێندا کە ئامانجیان بەرزکردنەوەی شەفافییەت و پابەندبوونە لە نێو هێڵەکانی یاریگادا.

​ئەم هەنگاوە دوای رووداوە بەناوبانگەکەی نێوان جیانلوکا بریستیانی یاریزانی بەنفیکا و ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی ریاڵ مەدرید لە چامپیۆنزلیگ هات، کە تێیدا یاریزانە ئەرجەنتینییەکە لە کاتی قسەکردندا دەستی لەسەر دەمی دانا، ئەمەش پشتڕاستکردنەوەی سروشتی ئەو قسانەی کە لەو کاتەدا کرابوون ئەستەم کرد و مشتومڕێکی فراوانی لە ناوەندەکانی وەرزشیدا دروستکرد.

​سەرەڕای ئەوەی دواتر سزای سەرپێچییەکە بەسەر بریستیانیدا سەپێندرا، بەڵام رووداوەکە فیفای ناچارکرد رێساکان تووند بکات بۆ ئەوەی رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە حاڵەتانە بکات، بەوەش ئەوەی لە میدیاکاندا بە «یاسای ڤینیسیۆس» ناسراوە بووە یەکێک لە دیارترین گۆڕانکارییەکانی مۆندیالی 2026.






PM:04:25:20/06/2026