کاساس بۆ میدیاکان: مانەوەم لەگەڵ عێراق گەورەترین هەڵەی ژیانم بوو

خێسوس کاساس، ڕاهێنەری پێشووی هەڵبژاردەی عێراق، لە لێدوانێکی توند و چاوەڕواننەکراودا، باس لە وردەکارییەکانی قۆناغی کارکردنی لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق و هۆکاری جیاوازبوونی ڕێگاکانیان دەکات.

​کاساس لە سەرەتای قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە وەرگرتنی ئەرکی ڕاهێنەرایەتی عێراق یەکێک بووە لە باشترین بڕیارەکانی ژیانی وەرزشی، بەڵام هاوکات بە "گەورەترین هەڵەی ژیانی" وەسفی مانەوەی لەگەڵ هەڵبژاردەکە کردووە کاتێک دەرفەتی ڕۆیشتنی بۆ هەڵبژاردەی کۆریای باشوور لە مانگی 5ی 2024 بۆ ڕەخساوە.

​سکاڵای یاسایی لە فیفا

​سەبارەت بە شێوازی دوورخستنەوەی لە پۆستەکەی، کاساس ڕەخنەی توندی لە ئیدارەی تیپەکە گرتووە و دەڵێت: "بە شێوازێکی زۆر خراپ لە پۆستەکەم دوورخرامەوە، سەرەڕای ئەوەش پابەند نەبوون بە پێدانی شایستە داراییەکانم، ئەمەش ناچاری کردم پەنا بۆ فیفا (FIFA) ببەم". بە وتەی کاساس، بڕیاری سەرەتایی فیفا لە بەرژەوەندی ئەو دەرچووە و ئێستاش دۆسیەکە لە دادگای ناوبژیوانی وەرزشی (TAS) یەکلایی دەکرێتەوە.

​پێکهاتەی عێراق لە مۆندیالی 2026

​کاساس پێیوایە ئەو پێکهاتەیەی ئێستا لە مۆندیالی 2026ی 2026 بەشداری دەکات، بەرهەمی پلان و کاری ئەوانە. ناوبراو دەڵێت: "ئێمە سیستەم و شێوازی یاریکردنی عێراقمان بە تەواوی گۆڕی، جگە لە 2 یاریزان نەبێت کە سەرقاڵی تەواوکردنی ڕێکارەکانی پاسپۆرتەکانیان بووین پێش ئەوەی بڕۆین".

​سەبارەت بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردەکە لە کۆمەڵەکەیاندا کە تیپەکانی فەرەنسا، نەرویج و سەنیگال لەخۆدەگرێت، کاساس بە دیدێکی واقیعیانە دەڵێت: "دۆخی ئاسایی عێراق لەو کۆمەڵەیەدا تێپەڕێنەکردنی قۆناغەکە و دۆڕاندنی هەر 3 یارییەکەیە، هەرچەندە تۆپی پێ پڕە لە چاوەڕوانی نەکراو".

​کێشەی گۆڵپارێز و داهاتووی خۆی

​لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، کاساس ئاماژەی بە کەموکوڕییەکانی هێڵی بەرگری و گۆڵپارێزی کردووە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە نەگەیشتوون بە دۆزینەوەی جێگرەوەیەکی شیاو بۆ جەلال حەسەن. لەبارەی جەلال حەسەنیشەوە دەڵێت: "ئەو زۆر لە تەمەنی 40 ساڵی نزیک بووەتەوە، ئێستاش کاتێک دەکەوێتە سەر زەوی، بۆی ئەستەمە بەخێرایی هەڵبستێتەوە".

​لە کۆتاییدا، کاساس ئاماژەی بە ئەزموونی نوێی خۆی لە سەنگاپوورە کرد و ڕایگەیاند کە سەرەڕای سەرکەوتنی لەوێ و بەدەستهێنانی نازناوی خولەکە، بەڵام هێشتا خەونی گەورەی گەڕانەوەیە بۆ ڕاهێنەرایەتییکردن لە خولە گەورەکانی ئەوروپا و بەتایبەت ئیسپانیا.




PM:03:25:21/06/2026