گراهام ئارنۆڵد بۆ یارییەکەی فەرەنسا: بە عەقڵییەتی بردنەوە دەچینە یاریگا

پێش بەڕێوەچوونی یارییە چاوەڕوانکراوەکەی نێوان هەڵبژاردەی عێراق و فەرەنسا لە جامی جیهانی 2026، گراهام ئارنۆڵدی ڕاهێنەر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر ئامادەکارییەکانی تیمەکەی و بە زمانێکی پڕ لە متمانە و هاوکات تێکەڵ بە گاڵتەوگەپ، باسی لە دۆخی شێرەکانی ڕافیدەین کرد.

​بە 3 گۆڵپارێز دژی فەرەنسا!

​کاتێک لەبارەی بەهێزیی هێڵی هێرشبەری هەڵبژاردەی فەرەنساوە پرسیاری لێکرا، ئارنۆڵد بە پێکەنینەوە وتی:

​"هێڵی هێرشبەری فەرەنسا؟ لەبەر بەهێزییان، پرسیارم کردبوو کە ئایا یاساکان ڕێگەمان پێدەدەن بۆ ئەو یارییە بە 3 گۆڵپارێزەوە بچینە نێو یاریگا!"


​سەبارەت بەوەی کە ئایا یارییە دۆستانەکەی پێشوویان بەرامبەر ئیسپانیا هاوشێوەی ئەم یارییە دەبێت، ڕاهێنەرەکە سوپاسی فیدراسیۆنی ئیسپانیای کرد بۆ ئەو دەرفەتە و ڕایگەیاند کە ئەزموونێکی زۆر گرنگ بووە بۆیان. وتیشی: "بە هەمان عەقڵییەتی یارییەکەی ئیسپانیاوە ڕووبەڕووی فەرەنسا دەبینەوە، ئامانجمان تەنها پێشکەشکردنی باشترین ئاست و بەدەستهێنانی سەرکەوتنە. دەزانین فەرەنسا چەندە تۆپ لای خۆی بهێڵێتەوە مەترسیدارتر دەبێت، بۆیە پێویستە لەوپەڕی تەرکیزدا بین و پلانەکانمان وەک خۆی جێبەجێ بکەین."

​تەنها چاومان لە 3 خاڵەکەیە

​ئارنۆڵد متمانەی خۆی بە تیپەکەی نەشاردەوە و دووپاتی کردەوە کە هێشتا گۆڵپارێزی سەرەکی بۆ یارییەکە دیاری نەکردووە، بەڵام پەیامێکی توندی بۆ ڕکابەرەکەی نارد و وتی:

​"ئێمە تەنها بۆ بردنەوە و بەدەستهێنانی 3 خاڵ دەچینە یاریگاوە. بە هیچ شێوەیەک بەو عەقڵییەتەوە یاری ناکەین کە تەنها بۆ بەرگریکردن، ڕێگریکردن لە دۆڕان یان ڕازیکردن بە خاڵێکی یەکسانبوون بێت."


​ململانێی سیاسی و پشتگیری هاندەرانی عێراق لە ئەمریکا

​لەکاتی وەڵامدانەوەی پرسیارێک سەبارەت بەوەی ئایا ململانێی سیاسی نێوان ئەمریکا و ئێران کاریگەری لەسەر گەشت و ئامادەکارییەکانیان بۆ جامی جیهانی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان هەبووە، ئارنۆڵد ڕەتیکردەوە هیچ بەربەستێک هاتبێتە ڕێیان و وتی:

"هەموو ڕێکارەکان بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەچوون. ڤیزای من، یاریزانان و ستافی هونەری بێ کێشە دەرچوو، تەنها هەندێک یاریزان کەمێک کاتی زیاتریان پێچوو، بەڵام لە کۆتاییدا بە سەلامەتی گەیشتینە ئێرە."

​ڕاهێنەرەکە ئاماژەی بە دڵخۆشی خۆی و یاریزانەکانی کرد بەهۆی پێشوازی گەرمی هاندەرانەوە و وتی:

​"کاتێک گەیشتین، بینیمان هاندەرانی عێراقی پێش ئێمە لە ئەمریکا ئامادەن، ئەمەش وزەیەکی گەورە و دڵخۆشییەکی بێپایانی پێداوین. یاریزانەکان لە شوێنی مانەوەیان زۆر ئاسوودەن. من تەنها تەرکیزم لەسەر تۆپی پێیە و سیاسەت کاری ئێمە نییە."


​ستایشکردنی دیشامپ و دۆخی دەروونی تیپەکە

​لە کۆتاییدا، گراهام ئارنۆڵد ستایشی دێدیێ دیشامپی ڕاهێنەری فەرەنسای کرد و بە "پیاوێکی مەزن و ڕاهێنەرێکی نایاب" پێناسەی کرد، کە توانیویەتی سەرکەوتنی گەورە لەگەڵ فەرەنسا بەدەستبهێنێت و خۆشەویستی هەموو یاریزانەکانی بەدەستبهێنێت.

​سەبارەت بە کەشی نێو کامپی هەڵبژاردەی عێراقیش وتی: "باری دەروونی تیپەکە لەوپەڕی باشدایە. ڕاستە پێشتر ڕووبەڕووی تیپێکی هاوشێوەی فەرەنسا نەبووینەتەوە، بەڵام ئەمە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ئێمە تا لەم کەشوهەوا ناوازەیەدا، توانای ڕاستەقینەی خۆمان بە جیهان نیشان بدەین."




PM:10:43:21/06/2026