ڕاپۆرتەکانی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکی و "RMC Sport" ی فەرەنسی ئاشکرایان کردووە کە قەیرانێک پێش یارییە چاوەڕوانکراوەکەی نێوان میسر و ئێران لە جامی جیهانی 2026 سەری هەڵداوەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی یارییەکە پێشوەختە وەک "یاری شانازی" بۆ پشتگیریکردنی هاوڕەگەزخوازان لە سەرانسەری جیهان دەستنیشان کراوە.
ئێران داواکارییەکی فەرمیی پێشکەش بە فیفا کردووە بۆ ڕێگریکردن لە "هەر ئاهەنگ یان چالاکییەکی پڕوپاگەندەیی" پەیوەست بەم توێژە لە کاتی یارییەکەدا، جەختیشی کردووەتەوە کە یەکێتی تۆپی پێی ئێران بە جددی مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتە دەکات و دەستبەرداری هەڵوێستەکەی نابێت.
• بەرپرسێکی یەکێتی تۆپی پێی میسر ڕەتکردنەوەی تەواوی خۆیانی بۆ ئەم دیاردانە دووپاتکردەوە و وتی: "بە تەواوی ڕەتمان کردووەتەوە کە هەر ئاهەنگ یان دیاردەیەکی پەیوەست بەم بابەتە لە کاتی یاری نێوان میسر و ئێراندا ئەنجام بدرێت، داواشمان لە فیفا کردووە هیچ شتێکی پەیوەست بەو بابەتە لە ناو یاریگادا نەبێت."
زیاتر وتی: "هەڵوێستی ڕەتدەرانەی خۆمان بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە نوێ کردووەتەوە، جەختمان لەوە کردووەتەوە کە دەمانەوێت یارییەکە تەنها لە چوارچێوەی وەرزشیدا بمێنێتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ پەیام یان دیاردەیەک لە دەرەوەی ئەو چوارچێوەیە تێکەڵ بکرێت."
لە بەرامبەردا، فیفا سوورە لەسەر هەڵوێستەکەی و جەخت دەکاتەوە کە بەرزکردنەوەی ئاڵا ڕەنگاوڕەنگەکان و دروشمە پڕوپاگەندەییەکان لە هەموو یاریگاکانی مۆندیالدا بەبێ جیاوازی ڕێگەپێدراوە.
شایەنی باسە، پێش تیروپشکی جامی جیهانی، کاتی ئەم یارییە بە تایبەتی هەڵبژێردراوە بۆ ئەوەی ببێتە چالاکیی سەرەکی بۆ ئاهەنگگێڕان بە بۆنەی هاوڕەگەزخوازان و پشتگیریکردنیان لە ئاستی جیهانیدا.