یەکێتی تۆپی پێی بەڕازیل بە شێوەیەکی فەرمی سکاڵایەکی پێشکەش بە فیفا کردووە، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو گۆڵەی ڤینیسیۆس جونیۆر لە یارییەکەیاندا بەرامبەر بە هەڵبژاردەی سکۆتلەندا تۆماری کردبوو.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە رۆژنامەی Estadaoـی بەڕازیلییەوە بڵاوکراوەتەوە، یەکێتییەکە لە سکاڵاکەیدا جەخت لەسەر بوونی "دووفاقی و نادادپەروەری" لە بڕیارەکانی ناوبژیوان و تەکنەلۆژیای ڤار (VAR) دەکاتەوە.
لە سکاڵاکەدا بەڕازیل بە وردی ئاماژەی بە نموونەیەکی بەراوردکاری کردووە، ئەویش گۆڵەکەی لیۆنێل میسییە لە یاریی بەرامبەر بە نەمسا. بەپێی بۆچوونی لایەنی بەڕازیلی، لەو یارییەدا پێش ئەوەی گۆڵەکە تۆمار بکرێت، ئەلێکسیس ماک ئەلیستەر هەڵەیەکی ئەنجامداوە، بەڵام سەرەڕای ئەوە ناوبژیوان گۆڵەکەی هەژمار کردووە و هەڵنەوەشاوەتەوە.
یەکێتی تۆپی پێی بەڕازیل لە رێگەی ئەم سکاڵایەوە داوای روونکردنەوەی فەرمی لە فیفا دەکات سەبارەت بە پێوەرەکانی بەکارهێنانی ڤار و هۆکاری جیاوازی بڕیارەکان لە دۆخی هاوشێوەدا، بە ئامانجی ئەوەی لە یارییەکانی داهاتوودا دادپەروەری زیاتر لە بڕیارەکاندا رەنگ بداتەوە.
چاوەڕوان دەکرێت فیفا لە چەند رۆژی داهاتوودا وەڵامی ئەم سکاڵایەی یەکێتی تۆپی پێی بەڕازیل بداتەوە.