دوای ماڵئاوایی لە مۆندیال؛گراهام ئارنۆڵد: 9 گۆڵمان بە هەڵەی خۆمان لێکرا و کارتە سوورەکە گەمژانە بوو


​دوای ئەوەی هەڵبژاردەی عێراق لە کۆتا یاریی خۆیدا لە قۆناغی کۆمەڵەکانی جامی جیهانی بە 5 گۆڵ بەرامبەر سەنیگال دۆڕا، گراهام ئارنۆڵدی ڕاهێنەری هەڵبژاردەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا هەڵوێستی خۆی لەسەر ئاستی تیپەکە و ئەنجامەکان ڕاگەیاند.

​ئارنۆڵد لە سەرەتای قسەکانیدا ستایشی هاندەرانی عێراقی کرد و گوتی: "زۆر شانازی بە هەموو گەلی عێراقەوە دەکەم، هەروەها شانازی دەکەم کە ئەو دەرفەتەم بۆ ڕەخسا بێمە ئێرە و ڕاهێنەرایەتی هەڵبژاردەی عێراق بکەم لە یارییەکانی مۆندیالدا."

​سەبارەت بە ئاستی بەرگریی تیپەکەی و ئەو ژمارە زۆرەی گۆڵانەی کە لە تۆڕەکەیاندا تۆمارکراون، ڕاهێنەرەکە بە نیگەرانییەوە وتی: "هەستی بێ ئومێدی و دڵشکانێکی زۆرم هەیە. ئێمە 12 گۆڵمان لێکرا، کە 9 گۆڵیان ڕاستەوخۆ بەهۆی هەڵەی تاکەکەسی و بەرگریی خۆمانەوە بوون، نەک ئەوەی ڕکابەرەکانمان بەهێزتر بن و بە توانای خۆیان گۆڵیان کردبێت."

​لە کۆتاییدا ئارنۆڵد ئاماژەی بە کارتی سوور کرد کە لە یارییەکەدا بە ڕووی یاریزانێکی تیپەکەیدا بەرزکرایەوە و بە هۆکارێکی سەرەکی شکستی زانی و گوتی: "کارتە سوورەکە کاریگەرییەکی زۆر گەورەی لەسەر یارییەکە هەبوو، کارتێکی سووری گەمژانە بوو کە باقی کاتەکانی یارییەکەی بەسەر ئێمەدا قورس کرد و نەمانتوانی بەرگەی فشارەکان بگرین."




AM:12:45:27/06/2026