عەگیت کابایێل؛ یەکەم بۆکسێنەری کورد و ئەڵمانی کە نازناوی پاڵەوانی جیهانی بەدەستهێنا

​عەگیت کابایێل، بۆکسێنەری بەناوبانگی کێشی قورس، بە فەرمی بووە پاڵەوانی جیهان لەلایەن ئەنجومەنی جیهانی بۆکسێن (WBC)ـەوە. ئەم دەستکەوتە مێژووییە، کابایێل دەکاتە یەکەمین بۆکسێنەری کورد کە توانیویەتی بگاتە لوتکەی ئەم وەرزشە لە کێشی قورسدا.

​سەرەڕای شانازییەکەی بە ڕەچەڵەکی کوردەوە، کابایێل هاوکات جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەو یەکەم بۆکسێنەری ئەڵمانییە لە ماوەی نزیکەی 100 ساڵی ڕابردوودا توانیبێتی ئەم نازناوە گرنگە بۆ وڵاتی ئەڵمانیا بەدەست بهێنێت، ئەمەش وای کردووە ناوبانگێکی بەرین لە میدیا وەرزشییەکانی ئەوروپادا پەیدا بکات.

​کێشەی پشتوێنەکە و هەڵوێستی ئۆسیک

ئەم سەرکەوتنە مێژووییە لە کاتێکدا دێت کە "ئۆلێکساندەر ئۆسیک"، پاڵەوانی پێشووی جیهان، بە بڕیارێکی چاوەڕواننەکراو پشتوێنەکەی خۆی تەسلیم کردەوە. بەگوێرەی زانیارییەکان، ئۆسیک ئامادەنەبوو ڕووبەڕووی کابایێل ببێتەوە، لە کاتێکدا کابایێل بە تەواوی ئامادەیی خۆی بۆ ئەو یارییە دەربڕیبوو و چاوەڕێی دیاریکردنی کاتی بەریەککەوتنەکە بوو.

​بە بەدەستهێنانی ئەم نازناوە، عەگیت کابایێل پێگەی خۆی وەک یەکێک لە بەهێزترین بۆکسێنەرەکانی ئێستای جیهان چەسپاند و چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوودا بەرگری لەم پشتوێنەیە بکات بەرامبەر بە ڕکابەرە نوێیەکانی.




PM:09:53:27/06/2026