جیهانی وەرزش لە چاوەڕوانییەکی گەورەدایە؛ لە کاتێکدا جامی جیهانیی 2026 گەیشتووەتە قۆناغی یەکلاکەرەوە، سیناریۆیەکی مێژوویی کە هاندەران بە پەرۆشەوە چاوەڕێی دەکەن، هێشتا دەرفەتی ڕوودانی ماوە بەریەککەوتنی لیۆنێل مێسی و کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ لە یاری کۆتاییدا.
بە تێپەڕبوون لە قۆناغی کۆمەڵەکان، ئێستا هەردوو ئەفسانەکەی تۆپی پێ خۆیان بۆ قۆناغی 32 ئامادە دەکەن:
پورتوگال: ئەرکێکی قورسی لەبەردەمە و ڕووبەڕووی هەڵبژاردەی کرواتیا دەبێتەوە.
ئەرجەنتین: هەوڵ دەدات لە ڕێگەی تێپەڕاندنی هەڵبژاردەی کەیپ ڤێردی، هەنگاوێکی تر بەرەو پارێزگاریکردن لە نازناوەکەی نزیک ببێتەوە.
بەپێی ئەو دابەشکارییەی بۆ قۆناغی دەرکردن ئەنجامدراوە، پورتوگال و ئەرجەنتین لە دوو ڕێڕەوی تەواو جیاوازدان. ئەم دابەشکارییە وادەکات هیچ کام لەو دوو هەڵبژاردەیە پێش یاری کۆتایی بەر یەک نەکەون، ئەگەر سەرکەوتنیان لە قۆناغەکانی پێشوو بەردەوام بێت.
بە واتایەکی تر، گەیشتن بە یاری کۆتایی، تاکە ڕێگەی سەرەکییە بۆ ئەوەی جیهان جارێکی دیکە شایەتحاڵی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی مێسی و ڕۆناڵدۆ بێت لە گەورەترین ڕووداوی وەرزشیی سەر گۆی زەوی.
سەرباری ئەوەی سەرنجەکان لەسەر یاری کۆتاییە، بەڵام ئەگەرێکی لاوەکی هەیە کە ڕەنگە پێش یاری کۆتایی هەردوو ئەفسانەکە ببینین؛ ئەویش لە حاڵەتی شکست هێنانیان لە قۆناغی پێش کۆتاییدا، کە لەو کاتەدا ناچار دەبن لە یاریی دیاریکردنی پلەی سێیەمدا ڕووبەڕووی یەکتر ببنەوە.
سەرەڕای ئەوەی هاندەران هیوایان بۆ یاری کۆتایی و ڕکابەریی لەسەر نازناوەکەیە، بەڵام هەر بەریەککەوتنێکی ئەم دوو ئەستێرەیە، بەهایەکی مێژوویی و تایبەتی بۆ مۆندیالی 2026 دەبێت.