ئینفانتینۆ سەرۆکی فیفا بەهۆی ترس لەدۆڕانی ئەرجەنتین بە کەیپ ڤێردی دڵی لە مشتیدا بووە


سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان (فیفا) لە دوای ئەو لێدوانانەی کە کاردانەوەی زۆری لە میدیاکاندا دروستکرد، ناچار بوو ڕوونکردنەوە لەسەر هەڵوێستی خۆی بدات.

​جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا، لە لێدوانێکدا کە بەشێک لە هاندەران و چاودێرانی تۆپی پێ بە "نەگونجاو" بۆ کەسێکی لەو پلەیەدا وەسفیان کرد، ئاشکرای کردبوو کە لە کاتی بەڕێوەچوونی یاری ئەرجەنتین و کەیپ ڤێردی "دڵی لە مشتیدا بووە" و ترسی ئەوەی هەبووە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بکرێتە دەرەوە.

​ئەم دەربڕینەی ئینفانتینۆ وەک دانپێدانانێک بەوە لێکدرایەوە کە ناوبراو هاندەری ئەرجەنتین بووە، ئەمەش نیگەرانی دروست کرد سەبارەت بە پرسی "بێلایەنیی فیفا" لە کێبڕکێ نێودەوڵەتییەکاندا.

​ئینفانتینۆ لە هەوڵێکدا بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و ڕاستکردنەوەی لێکدانەوەکان، وتی: "من هاندەری هیچ لایەنێک نیم، من تەنها هاندەری تۆپی پێی جوانم. ئەوەی گوتم تەنها بۆ ئەوە بوو کە دەمویست پێشبینی بکەم چۆن هاندەران هەست دەکەن، بەڵام فیفا بێلایەنە و ئێمە چێژ لە هەموو ئەو ساتانە وەردەگرین کە لە یاریگاکاندا ڕوودەدەن."

​بەشێک لە شارەزایانی وەرزشی پێیانوایە لێدوانەکەی ئینفانتینۆ جارێکی دیکە پرسیارەکانی سەبارەت بە پەیوەندی فیفا بە هەڵبژاردە گەورەکان و ئەستێرەکانی جیهانی تۆپی پێی وروژاندووەتەوە، هەرچەندە سەرۆکی فیفا بەردەوام جەخت لەسەر پابەندبوونی دامەزراوەکەی دەکاتەوە بە بنەماکانی بێلایەنییەوە.




PM:02:28:04/07/2026