ئەستێرەی مێژوویی تۆپی پێی بەڕازیل، ڕۆناڵدۆ نازاریۆ، بە توندی ڕەخنەی لە شێوازی بەڕێوەبردنی کارلۆ ئەنچیلۆتی بۆ یارییەکانی هەڵبژاردەی بەڕازیل لە مۆندیالی 2026 گرت، دوای ئەوەی سێلێسایۆ ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتییەکە کرد.
ڕۆناڵدۆ لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی (Diario AS)ی ئیسپانی، ئاماژەی بەوە کرد کە سەرچاوەی شکستەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بڕیارانەی ئەنچیلۆتی لەسەر کورسی یەدەگ داویەتی. ڕۆناڵدۆ وتی: "دەبێت ڕاستگۆ بم، پێموایە ئەم ماڵئاواییە لە بڕیارەکانی سەر کورسی یەدەگەوە دەست پێدەکات. کارلۆ ئەنچیلۆتی یەکێکە لە باشترین ڕاهێنەرەکانی مێژوو، بەڵام ئەمشەو هەڵەی زۆری کرد."
ڕۆناڵدۆ نیگەرانی خۆی دەربڕی لە نەبوونی جواو پیدرۆ لە پێکهاتەی بەڕازیلدا، سەرەڕای ئاستە بەرزەکەی لە وەرزەکەدا. ئەو دەڵێت: "هێشتا تێناگەم بۆچی جواو پیدرۆ بەشێک نەبوو لەم پێکهاتەیە. ئەو وەرزێکی نایابی هەبوو، لە ئاستێکی بەرزدایە، و بەڕازیل پێویستی بە هێرشبەرێک بوو کە بتوانێت شتێکی جیاواز پێشکەش بکات."
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، ڕۆناڵدۆ ئاماژەی بە ئاستی ئەستێرەی لاو 'ئێنریک' کرد و ڕەخنەی لە کەم بەکارهێنانی گرت: "سەیری ئێنریک بکە، هەر کاتێک لەم پاڵەوانێتییەدا دەهاتە نێو یاریگا، وزە و شەڕکەرێتی و پێشبینینەکراوی بەخۆیەوە دەهێنا. لەگەڵ ئەوەشدا، زۆربەی کاتی مۆندیالی لەسەر کورسی یەدەگ بەسەر برد. ئەمە شتێکە تێناگەم."
جێگەی باسە ئەم لێدوانانەی "دیاردە" (ڕۆناڵدۆ) کاردانەوەی گەورەی لە ناو میدیا وەرزشییەکاندا دروست کردووە و مشتومڕێکی زۆری لەسەر داهاتووی ئەنچیلۆتی لەگەڵ هەڵبژاردەی بەڕازیل دروست کردووە.