ئیسپانیا بە گورزێکی کوشندە لە خولەکی 91، ڕۆناڵدۆ و پۆرتوگالی لە مۆندیال کردە دەرەوە

لە درێژەی رکابەرییەکانی قۆناغی 16ـی مۆندیالی 2026، هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە یارییەکی لوتکەدا سەرکەوتنێکی گرنگی بەسەر هەڵبژاردەی پۆرتوگال بەدەستهێنا و بە ئەنجامی 1-0 ماڵئاوایی پێکردن.

​یارییەکە کە بە ڕکابەرییەکی زۆر و ئاستێکی بەرزەوە دەستی پێکرد، تا ساتەکانی کۆتایی بە یەکسانبوون بەبێ گۆڵ مایەوە. کاتێک هەمووان چاوەڕێی کاتی زیادکراو یان لێدانی یەکلاکەرەوە بوون، مێرینۆ لە خولەکی 91ـدا توانی بە لێدانێکی زیرەکانە تۆڕی پۆرتوگال بهەژێنێت و گۆڵی سەرکەوتنی بۆ "لا ڕۆخا" تۆمار بکات.

​بەو گۆڵە، خەونی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ و هاوڕێکانی بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکە کۆتایی هات و پۆرتوگال بە شێوەیەکی فەرمی لە پاڵەوانێتییەکە کرایە دەرەوە.

​بەو سەرکەوتنە، ئیسپانیا خۆی گەیاندە قۆناغی چارەگی کۆتایی و ئێستا چاوەڕێی براوەی یاری نێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئەمریکا و بەلجیکا دەکات بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی یەکێک لەوان ببێتەوە.



AM:12:29:07/07/2026