دوابەدوای ماڵئاواییە دڵتەزێنەکەی هەڵبژاردەی پورتوگال لە مۆندیال، شەپۆلێکی توندی ڕەخنە و هێرشی میدیایی ناوخۆی پورتوگال بەرۆکی ئەفسانەی تۆپی پێ، کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ، دەگرێت. ڕۆژنامەی ناوداری "A Bola" لە وتارێکی پڕ لە ڕەخنەدا، بە ڕاشکاوی داوای کۆتاییهێنان بە سەردەمی ڕۆناڵدۆ دەکات.
ڕۆژنامەکە لە ڕێگەی نووسەر "فرانسیسکۆ ڤاز دی میراندا"وە، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە مانەوەی ڕۆناڵدۆ لە پێکهاتەی سەرەکیدا چیتر خزمەت بە بەرژەوەندی هەڵبژاردەکە ناکات. بە بڕوای ئەوان، پێگە گەورەکەی ڕۆناڵدۆ وەک ئەستێرەیەک، بووەتە "بەربەست" لەبەردەم ڕاهێنەران بۆ ئەوەی بڕیاری ئازایانە بدەن و یاریزانە گەنجەکان بخەنە یاریگاوە.
لە وتارەکەدا هاتووە: "کاتی ئەوە هاتووە ڕۆناڵدۆ بگەیتە ئەو بڕوایەی کە دەبێت لا بدات، چونکە غرورەکەی ڕێگری لێ دەکات قبوڵی بکات کە ببێتە یەدەگی یاریزانێک کە لە ئێستادا ئاستێکی باشتر پێشکەش دەکات." میدیاکە پێی وایە ڕۆناڵدۆ ئامادە نییە کورسی یەدەگ قبوڵ بکات، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی دۆخێکی نائاسایی لەناو هەڵبژاردەکەدا.
لە بەشێکی هەستیار و توندی وتارەکەدا، پرسیارێک ئاراستەی ڕۆناڵدۆ کراوە: "ئایا فرمێسکەکانت بۆ پورتوگال بوون، یان لەبەر ئەوەی شانازی و ناوبانگەکەت بریندار بووە؟" ئەم پرسیارە گومانی خستووەتە سەر ئەوەی کە ئایا ڕۆناڵدۆ بەرژەوەندی تاکەکەسی خۆی لەسەرووی بەرژەوەندی هەڵبژاردەکەیەوە داناوە.
وتارەکە بە پەیامێکی ڕاشکاو کۆتایی دێت: "ئەفسانە بوونەکەت لە شوێنی خۆی، بەڵام کاتی ئەوە هاتووە واز لە یاریکردن بهێنیت یان قبوڵی بکەیت کە چیتر ئەستێرەی یەکەم نیت. بەردەوامبوونت بەم شێوەیە، تەنها زیان بە پورتوگال دەگەیەنێت."
ئەم هێرشە میدیاییە، سەرەتای قۆناغێکی نوێی دیبەیتەکانە لەناو جەماوەری تۆپی پێدا؛ ئایا ڕۆناڵدۆ قوربانی "مێژووەکەی خۆی" بووە؟ یان میدیاکان بەرامبەر ئەفسانەکە ناپاکیان کردووە؟