دوای سەرکەوتنی هەڵبژاردەی فەرەنسا بۆ قۆناغی پێش کۆتایی مۆندیالی 2026، فیفا بڕیاریدا کۆتایی بە ئەرکی ناوبژیوانان فرانسوا لێتێکسیێر و کلیمۆن تۆرپین لەم پاڵەوانێتییەدا بهێنێت.
بەگوێرەی ئەو ڕێسایانەی فیفا بۆ پاراستنی بێلایەنی و ڕێگریکردن لە ململانێی بەرژەوەندییەکان پەیڕەوی دەکات، ناوبژیوانانی ئەو وڵاتانەی کە هێشتا تیپەکانیان لە کێبڕکێکاندا ماونەتەوە، دوور دەخرێنەوە. ئەم بڕیارە جگە لە فەرەنسا، هەریەک لە ناوبژیوانانی وڵاتانی ئەرجەنتین، ئیسپانیا و ئینگلتەراش دەگرێتەوە کە هێشتا تیپەکانیان لە پاڵەوانێتییەکەدا ماون.
بەپێی ئەم بڕیارە، فرانسوا لێتێکسیێر و کلیمۆن تۆرپین چیتر ڕێگەیان پێنادرێت لە هیچ یارییەکی قۆناغی پێش کۆتایی، یاری پلەی سێیەم، یان یاری کۆتاییدا ناوبژیوانی بکەن.
جێرۆم بریساردی فەرەنسی بەردەوام دەبێت
لە بەرامبەردا، جێرۆم بریسارد وەک یاریدەدەری ناوبژیوانی ڤیدیۆیی (VAR) لە پاڵەوانێتییەکەدا دەمێنێتەوە. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بریسارد لە سەرەتای مۆندیالەکەوە تەنها وەک ناوبژیوانی ڤیدیۆیی دیاریکراوە و ئەرکەکەی لە چوارچێوەی ناوبژیوانی نێو یاریگا نییە، بۆیە دەتوانێت تا کۆتایی پاڵەوانێتییەکە لەو پۆستەدا بەردەوام بێت.
شایەنی باسە، دوای ئەم گۆڕانکارییانە، تەنها 13 ناوبژیوان ماونەتەوە کە مەرجەکانی بەڕێوەبردنی یاری کۆتایی مۆندیالیان تێدایە، لەنێویاندا ناوبژیوانی سلفادۆری، ئیڤان بارتۆن، کە یاری نێوان فەرەنسا و ئیسپانیا بەڕێوەدەبات.