مردنێکی لەناکاو؛ ناوبژیوانێکی هۆڵەندی دوای لابردنی لە مۆندیال کۆچی دوایی کرد

فیدراسیۆنی تۆپی پێی هۆڵەندا، بە فەرمی هەواڵی کۆچی دوایی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی "رۆب دیبرینک"ی لە تەمەنی 38 ساڵیدا ڕاگەیاند. ئەم ڕووداوە تەنها چەند هەفتەیەک دوای ئەوە دێت کە ناوبراو لە لیستی ناوبژیوانانی مۆندیالی 2026 دوورخرایەوە.


دیبرینک کە پاڵێوراوێکی سەرەکی بوو بۆ بەڕێوەبردنی یارییەکانی مۆندیالی 2026، لە مانگی نیسانی ڕابردوو لە شاری لەندەنی بەریتانیا بە تۆمەتی ئەنجامدانی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر مێردمنداڵێک دەستگیرکرا. ئەم ڕووداوە وایکرد فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ (فیفا) ناوبراو لە لیستی ناوبژیوانانی مۆندیال دەربکات.

​سەرەڕای ئەوەی پۆلیسی لەندەن دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد و پێداچوونەوە بە کامێراکانی چاودێری و ئامێرە دیجیتاڵییەکان، بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست دۆسیەکەی داخست و بێتاوانی دیبرینک سەلمێنرا، بەڵام بڕیارەکەی فیفا بۆ دوورخستنەوەی لە مۆندیال، کاریگەرییەکی دەروونی قووڵی لەسەر ناوبراو دروستکردبوو.

ناوبراو پێشتر لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی "دی تێلێگراف"ی هۆڵەندی، بە تەواوی بێتاوانی خۆی ڕاگەیاندبوو و ئاماژەی بەوە دابوو کە هاوکاری تەواوی لێکۆڵینەوەکانی کردووە، هاوکات خەمباری خۆی بەرامبەر بڕیارەکەی فیفا نیشاندا و بە "بڕیارێکی ئازاربەخش" ناوی برد.

فیدراسیۆنی هۆڵەندا لە بەیاننامەیەکدا ماتەمینی خۆی دەربڕی و وەک ناوبژیوانێکی خاوەن ئەزموون و هاوکارێکی دڵسۆز ناوی برد. دیبرینک کە لە ساڵی 2017وە دەستی بە بەڕێوەبردنی یارییەکانی خولی نایابی هۆڵەندا کردبوو، لە کارنامەیدا 84 یاریی خولی هۆڵەندای هەبوو، هەروەها وەک ناوبژیوانی ڤار (VAR) لە یۆرۆی 2024 بەشداریکردبوو.

​دوایین یاری کە بەڕێوەی برد، یاری نێوان یانەکانی "پی ئی سی زڤۆڵێ" و "هێراکلیس ئالمێلۆ" بوو لە مانگی ئایاری ڕابردوو. تا ئێستا هۆکاری فەرمی مردنی دیبرینک ڕانەگەیەندراوە و تەنها هەواڵی کۆچی دواییەکەی لەلایەن فیدراسیۆنەوە پشتڕاستکراوەتەوە.




PM:02:15:14/07/2026