لیۆنێل سکالۆنی، ڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، پاش سەرکەوتنی مێژوویی تیپەکەی بۆ یاری کۆتایی مۆندیالی 2026، بە دڵخۆشییەکی زۆرەوە لێدوانی دا و ئاماژەی بەوە کرد کە یاریزانەکانی خاوەن عەقڵییەتێکی بێ وێنەن.
سکالۆنی لە چاوپێکەوتنێکیدا بەبێ وشە مایەوە و گوتی: "ئەمە خۆشییەکی زۆر گەورەیە بۆ وڵات و گەلەکەمان. ئەم کۆمەڵە یاریزانە هەرگیز ناوەستن لە سەرسامکردنم. زۆر قورسە خەڵک تێبگەن یاریزانەکان چی لە یاریگادا پێشکەش دەکەن، چونکە ئەوەی ئەوان دەیکەن باوەڕپێنەکراوە."
سەبارەت بە نهێنی ئەم ئاستە بەرزەی تیپەکەی، ڕاهێنەرە ئەرجەنتینییەکە جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان لە دڵەوە یاری دەکەن و گوتی: "ئێمە بێ وێنەین؛ ئەمە لووتبەرزی نییە، بەڵکو لە دڵەوە هەڵقوڵاوە. هاندەران ئەوانەن کە ئەمڕۆ ڕێبەرییان کردین بۆ بردنەوە و من زۆر سوپاسگوزاریانم."
سکالۆنی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە پابەندبوونی یاریزانەکانی بە درێسی هەڵبژاردەکەیان کرد و ڕایگەیاند: "درێسەکە داوامان لێ دەکات تا کۆتایی هەموو شتێک ببەخشین. ئەمڕۆ یاریزانەکانم سەلماندیان کە هەست بە درێسەکە دەکەن و وەک یەکێک لە هاندەران لەگەڵ یارییەکە دەژین، هەر بۆیە من لەوپەڕی دڵخۆشیدام."
شایەنی باسە، ئەرجەنتین دوای ئەم بردنەوە درامییە، خۆی بۆ یاری کۆتایی بەرامبەر ئیسپانیا ئامادە دەکات، کە بڕیارە لە 19ی ئەم مانگە کاتژمێر 10:00ی شەو بەڕێوە بچێت.