یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان چەند بڕیار و راسپاردەیەكی نوێی راگەیاند

KFA- ئەمڕۆ شەممە 28ی ئاداری 2014، یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان كۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی خۆی بە ئامادەبوونی سەرۆك و جێگر و تەواوی ئەندامانی راگەیاند، كە بەم شێوەیە بوو:


1- ناڕەزایی یانەی سێمێل لەسەر یانەی هەڵۆ لەسەر یاریزان سەیف عەبدولمەجید ناعم، كە بەبێ وەرگرتنی دەستبەرداربوون (ئیستغنا) لە یانەی سێمێل، یاریی بۆ یانەی هەڵۆ كردووە، دوای لێكۆڵێنەوەی ورد لە دۆسیەی هەردوو یانە و لیستی یاریزانانیان، دەركەوت یاریزان سەیف عەبدولمەجید ناعم یاریی بۆ یانەی هەڵۆ كردووە لە یاریی یانەكەی بەرامبەر یانەی سێمێل بەبێ وەرگرتنی مافی دەستبەرداربوون، بۆیە بڕیارماندا:


أ‌- هەژماركردنی ئەنجامی یارییەكە بۆ بەرژەوەندیی یانەی سێمێل بە 3-0 گۆڵ.


ب‌- راگرتنی یاریزان سەیف عەبدولمەجید ناعم و لەمەولا ناتوانێت لە چالاكییەكانی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان بۆ هیچ یانەیەك یاریی بكات.


2- لەسەر نووسراوی یانەی كەركووك ژمارە 73 لە 24-3-2015، بەهۆی ئامادەنەبوونیان لە مەشق و یارییەكانی یانەی كەركووك لەلایەن یاریزانانی خوارەوە، بڕیاردرا بە راگرتنیان بۆ ماوەی یەك وەرز لە بەرواری دەرچوونی بڕیارەكە لە 28-3-2015 تاكە 28-3-2016، یاریزانەكانیش بریتیین لە 


1- تەها عەزیز ئەحمەد، 2- نەشوان محەمەد حوسێن، عومەر عەدنان قازی.


3-دابەزینی یانەی سەرچنار بەفەرمی بۆ خولی یانە پلە دووەكانی كوردستان بۆ وەرزی 2015-2016 بەهۆی پاشەكشەی لە خولی پلە یەكی كوردستان و جێبەجێكردنی بڕگەی 43 –ب- لە رێنماییەكانی یەكێتیی تۆپی پێ لەسەر یانەكە، كە لە پەڕاوی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان بڵاوكراوەتەوە، هەروەها هەژماركردنی ئەنجامی یارییەكانی بە ئەنجامی 3-0 بۆ یانەكانی بەرامبەری، لەو یارییانەی كە ماویەتی لە دوای پاشەكشەی لە خولی پلە یەك، هەروەها غەرامەكردنی بە بڕی 2 ملیۆن دینار.


4- لە یارییەكانی یانەی دهۆكدا، هیچ كەسێك بۆی نییە بچێتە نێو یاریگەی سێیەمی یانەی دهۆك، تەنیا ئەو كەسانە نەبێ كە ناسنامەی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستانیان هەیە لەگەڵ ستافی ناوبژیوانان و سەرپەرشتیار و سەرپەرشتیارانی راگەیاندن.


5-  غەرامەكردنی یانەی شێروانە بەهۆی كۆنتڕۆڵنەكردنی جەماوەرەكەی و هاوێشتنی دەبەی ئاو لەلایەن جەماوەرەوە بۆ نێو یاریگە و دەستەی ناوبژیوانان، ئاگەداری كۆتاییش بۆ یانەكە بە كۆنتڕۆڵكردنی جەماوەرەكەیان، ئەگەرنا سزاكان توندتر دەكرێن.


6-  لە یاریی نێوان ئارارات و زاخۆ لە خولی نایاب، بەهۆی دەرچوونی لە نێو یاریگە لە كاتی یاری لەلایەن راهێنەری یانەی ئارارات محەمەد ئەحمەدزادە، بڕیاردرا بە راگرتنی راهێنەر محەمەد ئەحمەدزادە بە یاوەرینەكردنی تیپەكەی لە یاریی داهاتووی یانەكەی.


7- ئاگەداری كۆتایی بۆ یانەی خاك بە كۆنتڕۆڵكردنی جەماوەرەكەیان، ئەگەرنا سزاكان توندتر دەكرێن. 





PM:07:06:28/03/2015