تیپی تۆپی دەستی یانەی وەرزشی سلێمانی لەخولی یانەکانی پارێزگاری سلێمانی بەردەوامە لەتۆمارکردنی ئەنجامە باشەکانی و ئەمشەویش دوای بردنەوەی لەیانەی نەورۆز خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی .
یاریەکە سەعات (8:30) دەقەی ئەمشەو لەهۆڵی داخراوی یانەی وەرزشی سلێمانی و بەئامادەبونی هاندەرێکی زۆر ئەنجامدرا و هەر لەسەرەتاوە رکابەری و ململانێ و هێرشی بەردەوام و بەرگری توندوتۆڵی نێوان یاریزانانی هەردوولای بەخۆوە بینی و گێمی یەکەمی یاریەکەش بەئەنجامی (15-13) گۆڵ بەسودی کوڕانی نەورۆز کۆتایی هات.
لەگێمی دووەمدا یاریەکە گەرموگوڕی و هێرشی بەردەوامی یاریزانانی هەردوو یانەی بەخۆوە بینی و یاریزانانی یانەی دایکیش توانیان ئەنجامەکە لەبەرژەوەندی خۆیان هەڵبگێڕنەوەو یاریەکە بەئەنجامی (31-30) گۆڵ لەبەرژەوەندی خۆیان کۆتایی پێبهێنن .
بەو ئەنجامەش یانەی سلێمانی خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی خولەکە و تیپی تۆپی دەستی یانەی نەورۆزیش بەرامبەر یانەی سیروانی نوێ یاری دەکات و براوەی ئەو یاریەش بۆ روبەروبونەوەی یانەی سلێمانی دەگاتە یاریی کۆتایی خولەکە.
بێوەی ئەحمەد