KFA- لەگەڵ دەستپێكردنی وەرزی نوێی خولی نایابی كوردستانی ئەم وەرزەدا، یەكێتیی تۆپی پێ و كۆمپانیای فاستلینك رێككەوتنێكیان واژووكرد.
رێككەوتنە پێنجشەممە لە یاریگەی ئارارات و لە مەراسیمی دەستپێكردنی وەرزی 2015-2016ی خولی نایابی كوردستان و لە یاریی نێوان ئارارات و زێرەڤانی لە نێوان سەفین كانەبی سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان و بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی كۆمپانیای فاستلینك واژووكرا، كە بە پێی رێككەوتنەكە، كۆمپانیای فاستلینكی بۆ ئینتەرنێت، دەبێتە سپۆنسەری سەرەكیی خولی نایابی كوردستان و خولەكەش ناوەكەی كرا بە "خولی نایابی فاستلینكی كوردستان"، لەگەڵ چەند وردەكارییەكی دیكە.
رێككەوتنەكە بۆ ماوەی یەك وەرزە و بۆ یەكەمجاریشە خولی نایابی كوردستان لەلایەن كۆمپانیایەكی بازرگانییەوە سپۆنسەر بكرێت.
سەفین كانەبی سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ سایتی یەكێتیی تۆپی پێ، ئاماژەی بەوەدا، كە رێككەوتنەكە زۆر گرنگە بۆ تۆپی پێی كوردستان و بەرەوپێشچوونی ئاستی خولەكە و چارەسەركردنی كێشە داراییەكانی یەكێتییەكە، بە تایبەتی لە دابینكردنی كرێ بۆ ناوبژیوانان و سەرپەرشتیاران، بە تایبەتی كە ئێستا قەیرانێكی دارایی گەورە لە كوردستاندا هەیە.
گوتیشی: "ئەمە هەنگاوێكی گرنگە بۆ دروستكردنی كلتوری سپۆنسەركردن لە وەرزشی كوردستاندا و هیوای ئەوەش دەخوازین كۆمپانیا گەورەكانی دیكەی كوردستانیش بێنەپێشەوە و یارمەتی وەرزشی كوردستان بدەن بە سپۆنسەركردن و پاڵپشتیی دارایی بۆ یانە و یەكێتییە وەرزشییەكان.
فاستلینك كۆمپانیایەكی كوردستانییە و خزمەتگوزاری ئینتەرنێت پێشكەش دەكات.
SPEE SPORT