KFA- دوای لە چەند لایەنێک قسە و باسێکی زۆر سەبارەت بە رێکەوتنی نێوان یەکێتی تۆپی پێی کوردستان و کۆمپانیای فاست لینک کرا، کە باس لە بێئاگابوونی ئەندامانی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان لەم گرێبەستە دەکات.
لە لێدوانێکی تایبەتدا هادی کەریم جێگری سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان، گشت ئەم هەواڵانەی رەتکردووە گوتی: دوای ئەوەی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان هەنگاوێکی گەورەی هاوێشت و گرێبەستی لەگەڵ فاست لینک مۆرکرد بۆ سپۆنسەرکردنی خولی نایابی کوردستان بۆ وەرزی ئەمساڵدا، ئەم گرێبەستە بە ئاگاداری گشت ئەندامانی یەکێتیەکە مۆرکراوە، و لە کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆماندا برگە برگەی گرێبەستەکە خوێندراوە و گفتوگۆی لەسەر کراوە پاشان لە لایەن هەر ۱٠ ئەندامی یەکێتیەکە واژوو کراوە.
لە درێژەی قسەکانیدا هادی کەریم گوتی: دەبێت هەموو لایەک بەم گرێبەستە دلخۆش بن، چونکە هەنگاوێکی گرنگە بۆ پێشکەوتنی خولی کوردستان.
جێگەی باسە لە وەرزی ئەمساڵدا خولی نایابی کوردستان بووە ( خولی نایابی فاست لینکی کوردستان).
SPEE SPORT