KFA- لە وڵاتی ئیتاڵیا کۆبوونەوەی ساڵانەی رێکخراوی کۆنیفا دەستیپێکرد و سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی کوردستانیش بەشداری کردووە، بە دەنگدان پۆستی ئەندامی دەستەی باڵای بەڕێوەبردنی کۆنیفای وەرگرت.
ئەمڕۆ ئێوارە سەفین کانەبی سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا رایگەیاند، کۆبوونەوەکە بە بەشداریی هەموو هەرێمەکانی ئەندام لە رێکخراوەکە دەستی پێکردووە، سەرەتا پڕۆسەی نوێکردنەوەی دەستەی بەڕێوەبردنی کۆنیفا بە هەڵبژاردن بەڕێوەچوو.
سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان ئاشکرایکرد توانیویەتی متمانەی زۆری رێژەی دەنگدەران وەرگرێت و پۆستی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی ئەم رێکخراوەی وەرگرتووە.
سەفین کانەبی ئەوەشی روون کردەوە، کۆبوونەوەکە بەردەوامە و گفتوگۆکان گەرمە لە بارەی کاروچالاکیەکانی ساڵی نوێ لە لایەن رێکخراوی کۆنیفا، هەروەها کات و شوێنی بەڕێوەچوونی پاڵەوانیەتیەک دیاریی دەکەن کە تایبەت دەبێت بەو هەرێمانەی کە ئەندامن و هەڵبژاردەی کوردستانیش پشکداریی دەکات.
کۆنیفا رێکخراوێکی وەرزشییە و بایەخ بە وەرزشی ئەو هەرێمانە دەدات، کە هێشتا وڵاتی سەربەخۆیان نییە.
SPEE SPORT