ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ له شارۆچكه‌ی پیرمام له یارییه‌كی ئاگرین و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌دا یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر میوانداریی یانه‌ی گاره‌ی شاری دهۆكی كرد، یارییه‌كه‌یش به یه‌كسانبوون به 2 گۆڵ كۆتایی هات، ئه‌نجامه‌كه بۆ یانه‌ی گاره نیگه‌رانی لێ كه‌وته‌وه و بۆ پێشمه‌رگه‌یش تامی سه‌ركه‌وتنی دا.
هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی یارییه‌كه رێكخراوی و هه‌ستیاریی به یاریزانانی هه‌ردوو تیپ دیار بوو، راهێنه‌ری هه‌ردوو تیپ زیاتر به‌داخراویی یارییان ده‌كرد و كه‌مترین ده‌رفه‌تیان له گێمی یه‌كه‌م به یه‌كتر ده‌دا و هه‌ردوولا شه‌ڕی كۆنتڕۆڵكردنی بۆشاییان له دژی یه‌كتر ده‌كرد.
یانه‌ی پێشمه‌رگه زیاتر له باڵی راست فشاریان بۆ سه‌ر گۆڵی گاره دروست ده‌كرد، چونكه له‌م هێڵه‌دا به‌رگریكاری پێشمه‌رگه نیاز محه‌مه‌د به‌خێرایی پێشڕه‌وی ده‌كرد و لێزانانه تۆپه‌كه‌ی به ئاراسته‌ی فه‌رهه‌نگ و ئه‌حمه‌د ساڵار به‌رێ ده‌كرد.
سه‌رچاوه‌ی مه‌ترسییه‌كانی یانه‌ی گاره‌ش له باڵی راست بوو، كه رافع خه‌لف سه‌ركردایه‌تی ده‌كرد، ئه‌و یاریزانه چه‌ندان جار خۆی خزانده نێو ناوچه‌ی سزای تیپی به‌رانبه‌ر، به‌ڵام پێشمه‌رگه‌كان زوو به‌ره‌نگاری ده‌بوونه‌وه و رێگه‌ی گۆڵتۆماركردنیان لێ ته‌سك ده‌كرده‌وه.
شوان مامۆ، كاپتنی یانه‌ی پێشمه‌رگه كه له‌م یارییه‌دا به واتای وشه رۆڵی سه‌ركردایه‌تی بینی، له خوله‌كی 41 تۆپێكی كه‌وته ژێر قاچی و یاری به به‌رگریكارێكی یانه‌ی گاره كرد و راسته‌وخۆ تۆپه‌كه‌ی له تۆڕی گۆڵی گاره گیر كرد، ئه‌م گێمه‌یش به گۆڵێكی بێوه‌ڵام به سوودی یانه‌ی پێشمه‌رگه كۆتایی هات.
له گێمی دووه‌م سیناریۆی یارییه‌كه به ته‌واوه‌تی گۆڕا، له 15 خوله‌كی سه‌ره‌تای یارییه‌كه رافع خه‌له‌ف و مه‌حموود محه‌مه‌د هه‌ریه‌كه و گۆڵێكیان بۆ یانه‌ی گاره تۆمار كرد و هانده‌رانی یانه‌كه‌یان هێنا سه‌ما.
به‌ڵام پێشمه‌رگه‌كان ده‌سته‌و وه‌ستان نه‌وه‌ستان، پاڵه‌وانی یارییه‌كه شوان مامۆ جارێكی دیكه ده‌ركه‌وته‌وه، ئه‌مجاره‌یان له خوله‌كی 70 تۆپێكی پچڕاند و زۆر لێهاتووانه بۆ فه‌رهه‌نگ وریای پێشخست، ئه‌ویش له دووره‌وه یه‌كێك له جوانترین گۆڵه‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌ی تۆمار كرد و یارییه‌كه یه‌كسان كرده‌وه.
محه‌مه‌د ئیسماعیل یاریزانی یانه‌ی گاره كه له نیوه‌ی دووه‌م هاته نێو یاریگه له دواساته‌كانی یارییه‌كه له باڵی راسته‌وه تۆپێكی بۆ نێو ناوچه‌ی سزای پێشمه‌رگه به ئاراسته‌ی جۆنیۆری كۆتدیڤواری به‌رز كرده‌وه، به‌ڵام كاوه حه‌سۆی گۆڵپارێزی پێشمه‌رگه تۆپه‌كه‌ی دوور خسته‌وه. یارییه‌كه‌یش تا كۆتایی به‌یه‌كسانبوون به دوو گۆڵ بۆ هه‌ر لایه‌كیان كۆتایی هات، پێشمه‌رگه بۆ چوارگۆشه‌ی زێڕین په‌ڕییه‌وه و یانه‌ی گاره‌ش به نائومێدییه‌وه بۆ دهۆك گه‌ڕایه‌وه.
speemedia - KFA