ئەمڕۆ پێنج شەممە لە چوارچێوەی یارییەكانی گەڕی پێنجەم و لە قۆناخی دووەم، لە كۆمەڵەی یەكەمی خولی نایابی فاستلینكی كوردستان، یانەی ئارارات لەسەر یاریگەی خۆی لە پیرمام، ڕووبەڕووی یانەی شێروانە بوویەوە، ئەنجامی یارییەكەیش بە بردنەوەی تیپی میواندار بە ئەنجامی (2-0) كۆتایی هات.
لەبیب حەبیب فیكەی دەستپێكردنی یارییەكەی لێدا، هەردوو یانە بە ریتمێكی زۆر خێرا دەستیان بە یاری كرد، هەردوو ڕاهێنەریش لەسەر هێلی یاریگە دەستیان بە ڕێنمایی و ئامۆژگاری یاریزانەكانیان كرد و داوایان لێ دەكردن هێرشبەرن و بۆ دواوە نەگەڕێنەوە، ئەگەرچی ئاستی هونەری یارییەكە زۆر بەرز بوو، بەڵام تا خولەكی 20 هیچ هێرشێكی مەترسیدار لەسەر گۆڵی هەردوو یانە نەبوو.
لە خولەكی 21 (عەلی عەزیز) ـی مایسترۆی ئارارات تۆپێكی بەهێزی ئاڕاستەی گۆڵی تیپی میوان كرد، لێ (هۆشمەن جەبار) ـی گۆڵپارێز لە شوێنێكی گونجاو وەستا بوو و تۆپەكەی گرتەوە، یەك خولەك دوای ئەمە (ئەنەس مالیك) ـی هێرشبەری شێروانە، بە لێدانێكی بەهێز بەختی خۆی تاقی كردەوە، بەڵام تۆپ بەسەر ستوونی گۆڵ تێپەڕی.
یارییەكە تا دەهات بەهێزتر دەبوو، ڕاهێنەرانەكانیش بە ئامانجی دەستپێشخەری لە تۆمار كردنی گۆڵی یەكەم لە ڕێنمایی یاریزانەكانیان بەردەوام بوون، تا لە خولەكی 28 (عەلی عەزیز) لە چاودێری تۆپێك لە نێو ناوچەی سزا، گۆڵی یەكەمی بۆ ئارارات تۆمار كرد، دوای ئەم گۆڵە سەوزپۆشەكانی شێروانە زۆر هەوڵیان بۆ یەكسانكردنەوەی ئەنجامەكەدا، بەڵام بەرگریكاران و (دیدار حامد) ـی گۆڵپارێزی ئارارات وریاتر بوون، نیوەی یەكەمیش بەم تاكە گۆڵە كۆتایی هات.
دوای تێپەڕ بوونی یەك خولەكە بەسەر نیوەی دووەم، (عەلی عەزیز) ـی پیاوی یارییەكە، بە لێدانێكی جوان و بەهێز تۆڕی (هۆشمەن جەبار) ـی هەژاند و گۆڵی دووەمی خۆی و تیپەكەی تۆمار كرد، ئەم گۆڵەیش پلانەكانی (وەلی كەریم) ـی ڕاهێنەری شێروانەی پەكخست.
تا خولەكی 70 ئاستی هەردوو یانە بەرز و یەكسانبوو، بەڵام ماندوو بوون بە ڕووی یاریزانانی هەردوو یانە دیار بوو، (سەعد ناسر) ڕاهێنەری ئارارات لە پێناو پارێزگارییكردن لە گۆڵەكانی و (وەلی كەریم) ڕاهێنەری شێروانەیش بۆ كەمكردنەوەی ئەنجامی یارییەكە، دەستیان بە گۆڕانكارییەكانیان كرد، بەڵام ئەنجامی كۆتایی یارییەكە هەر بەو ئەنجامە (2-0) گۆڵ لە بەرژەوەندی ئارارات تەواو بوو.
بەم ئەنجامەیش ئارارات ژمارەی خاڵەكانی بۆ (13) خاڵ بەرز كردەوە و هاتە خانەی چوارەم، (شێروانە) ـیش بە (14) خاڵ بۆ پلەی سێیەم دابەزی.
بۆ زانین، شێروانە لە كۆی چوار یاری لە قۆناخی دووەم، سێ بردنەوە و یەكسانێكی هەبوو، ئەمە یەكەم دۆڕانە لە قۆناخی دووەم هاتە ڕێی.
spee -
KFA