لە خولی نایابی فاستلینكی كوردستان فەرحان شەكور سەركردایەتی یانەی هەولێری كرد بۆ سەركەوتنێكی گرنگ بەسەر یانەی زاخۆ و بە كۆكردنەوی چوار خاڵ پێشەنگی یانەكانی چوارگۆشەی زێڕینی وەرگرت.
ئەمڕۆ چوارشەممە لە سەر یاریگای فەرەنسۆ هەریری لە هەولێری پایتەخت یانەی هەولێر میوانداری یانەی زاخۆی كرد لە میانەی یاریەكانی گەڕی دووەمی قۆناغی یەكەمی چوارگۆشەی زێڕینی خولی نایابی فاست لینكی كوردستان، لەگەڕی یەكەمی خولەكە یانەی زاخۆ لە یاریگای خۆی سەركەوتنی بەسەر یانەی دهۆك تۆمار كردبوو و یانەی هەولێر لەدەرەوەی یاریگای خۆی خاڵێكی لە پێشمەرگەی هەولێری هاوشاری خۆی وەرگرت بوو بۆیە یاریەكە بۆ هەردوو یانە گرنگی خۆی هەبوو، هەر لەسەرەتای یاریەكەوە یانەی هەولێر پشت ئەستور بە یاریگا و بە جەماوەر هێرشەكانیان چڕكردەوە بۆ سەر گۆلی یانەی زاخۆ، چەند جارێك یاریزانان هۆگر حوسێن و بارزان شێرزاد نزیك بونەوە لە گۆلی یانەی زاخۆ بەڵام بە ئاگایی هیڵی بەرگری یانەی زاخۆ ڕێگربون لە پێشكەوتنی یانەی هەولێر، تا لە خولەكی 24 لە پاسێكی جوانی بەڵێن ووشیار فەرحان شەكور یانەی هەولێری كردە خاوەن گۆلی یەكەم، دوای پێشكەوتنی یانەی هەولێر یانەی زاخۆ هەوڵیدا ئەنجامەكە یەكسان بكاتەوە بەڵام توند تۆڵی هێڵی بەرگری یانەی هەولێر بەربەست بوون لەبەردەم یاریزانانی یانەی زاخۆ، لە خولەكی 33 ئومێد مستەفای ناوبژیوان لیدانیكی سزای بۆ یانەی هەولێر هەژماركرد دوای ئەوەی یاریزان فەرحان شەكور لەنێو هیڵی سزا بەردرایەوە هەمان یاریزان فەرحان شەكور لە خولەكی 34 لێدانە سزاكەی سەركەوتوانە جێبەجێكرد و یانەكەی كردە خاوەن گۆلی دووەم بەم ئەنجامەش گێمی یەكەم كۆتای هات، لە گێمی دووەم یاریزانانی هەولێر بەهەمان ئاستی گێمی یەكەم دەركەوتن كۆنتڕِۆڵی یاریگایان كردبوو لەگەڵ ئەوەی چەند جارێك یاریزانانی یانەی زاخۆ بەختی خۆیان تاقی كردەوە بە چەند لێدانیك بەڵام بێ سوود بوون بەهۆی لێهاتوویی رێباز عەبدوڵای گۆلپارێزی یانەی هەولێر، بەمشێوەیە یاریەكە كۆتایی هات بە سوودی یانەی هەولێر بە دوو گۆلی بێبەرامبەر و بەسوود وەرگرتن لە ئەنجامی یاری نێوان یانەی دهۆك و پێشمەرگەی هەولێر یانەی هەولێر پێشەنگی چوار یانەكەی چوارگۆشەی زێڕینی خولی نایابی فاست لینكی كوردستانی وەرگرت بە كۆكردنەوەی چوار خاڵ.
spee-kfa