هەڵبژاردەی كوردستان مەشق و ئامادەكارییەكانی دەستپێكرد

هەڵبژاردەی تۆپی پێی كوردستان بە مەبەستی خۆئامادەكردن بۆ دووەمین پاڵەوانیەتیی كۆنیف، دەستی بە مەشق و ئامادەكارییەكانی كرد.

 

لەسەر یاریگەی دووەمی فڕەنسۆ هەریری لە هەولێر، ئێوارەی سێشەممە هەڵبژاردەی كوردستان یەكەم یەكەی مەشق و راهێنانی خۆی ئەنجام دا بە بەشداری 25 یاریزان، كە مەشقەكان ماوەی سێ رۆژ دەخایەنێت و رۆژی هەینیی داهاتوو  لیستی كۆتایی بە 23 یاریزان پێشكەش بە یەكێتی تۆپی پێی كوردستان دەكرێت.

 

 پێش دەستپێكردنی مەشقەكان، سەفین كانەبی سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان لەگەڵ ستافی راهێنەران و یاریزانان كۆبوونەوەیەكیان ئەنجام دا و رێنمایی تەواویان پێ درا سەبارەت بە مەشق و چۆینیەتیی ئامادەكاری هەڵبژاردەكە .

 خەسرۆ گورون راهێنەری هەڵبژاردەی كوردستان رایگەیاند كە چوارشەممە (ئەمڕۆ) كاتژمێر 5 بە هەمان شێوە مەشقەكان بەردەوام دەبن بۆ زیاتر تاقیكردنەوەی یاریزانەكان و رۆژی پێنجشەممەش كاتژمَیر 8ی بەیانی دوارۆژ دەبێت و لیستی كۆتایی پێشكەش بە یەكێتی تۆپێ پێی كوردستان دەكەین  و پرۆگرامی ئامادەكاری مەشق و راهێنان دادەڕێژین.

لە مەشقەكانی دوێنێ هەڵبژاردەی كوردستاندا هەریەكە لە یاریزانان فەرحان شوكر و ئاماد ئیسماعیل پشوویان وەرگرت و یاریزان بەڕۆژ جادریش ئامادەنەبوو.

 مەشقەكانیش بە شێوەیەكی سەرەتایی دەستیپێكرد و یاریزانان كرانە دوو تیم و دواتر مەشقەكان تاكو درەنگی ئێوارە بەردەوام بوو.

هەڵبژاردەی كوردستان بەشداریی پاڵەوانیەتیی دووەمی كۆنیفا بۆ هەڵبژاردەی هەرێمەكان دەكات، كە بڕیارە لە 28ی ئایار، تاكو 6ی حوزەیرانی داهاتوو لە هەرێمی ئەبخازیا لە رووسیا بەڕێوەبچێت. 

 spee-kfa



PM:08:33:27/04/2016