یانه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید له‌خاكی خۆیدا سێ خاڵی گرنگی له‌ئاشتی وه‌رگرت
رۆژی دوو شه‌ممه 29-1 له یارییه‌كانی كه‌ری سێهه‌می خولی پله یه‌كی كوردستان دا و له‌نێو یاریگاو هانده‌رانی خۆیدا یانه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید توانی به‌ئه‌نجامی 2گۆڵی بێ وه‌ڵام سێ خاڵی گرنگ له‌یانه‌ی ئاشتی وه‌ربگرێت .
به‌ئاماده‌بوونی هانده‌رێكی زۆر له‌یاریگادا ده‌ستپێكی یاری به‌فیكه‌ی داوه‌ری ناوه‌ندی یاریگا هێرش عوسمان ده‌ستی پێ كرد.
هه‌ردوو یانه ئامانجیان به‌ده‌ستهێنانی سێ خاڵی ئه‌م یارییه بوو، چونكه له‌هه‌فته‌كانی پێشوودا هیچ لایه‌ك بردنه‌وه‌ی نه‌بوو، گه‌رچی یانه‌ی ئاشتی له‌دووهه‌م هه‌فته‌دا له‌چاوه‌روانیدا بوو.
له‌سه‌ره‌تایی تایمی یه‌كه‌مدا یانه‌ی ئاشتی باشتر ده‌بینران له‌چه‌ند بۆنه‌یه‌كدا گه‌یشتنه سه‌رگۆڵی تیپی خانه خوێ، به‌ڵام سه‌رجه‌م هێرشه‌كان وه‌ڵام درانه‌وه.
له‌ناوه‌راستی تایمی یه‌كه‌مدا یانه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید پلانی هێرشبه‌ر تاقی كرده‌وه له‌دۆخی به‌رگری نه‌مایه‌وه چه‌ند جاریك نزیك بوون له‌تۆمار كردنی گۆڵ، به‌ڵام هێرشه‌كانی هه‌ڵه‌بجه بێ ئاكام بوون تایمی یه‌كه‌م به‌بێ گۆڵ به‌كۆتا هات.
له‌تایمی دووهه‌مدا هاوكێشه‌كه بۆ هه‌ردوو یانه هاوسه‌نگ بوو تا ئه‌و ساته‌ی كاپتنی یانه‌ی هه‌ڵه‌بجه (به‌هادین به‌كر) گه‌یشته سه‌ر گۆلی یانه‌ی ئاشتی و له‌خوله‌كی (68)دا گۆلی یه‌كه‌م هێنا.
جۆش و خرۆشی هانده‌ران كاریگه‌ری راسته‌خۆی له‌كه‌ش و هه‌وای یارییه‌كه كردوو ده‌سبه‌جێ دوای تۆمار كردنی گۆلی یه‌كه‌م به چوار خوله‌ك (سه‌رمه‌ند كه‌ریم) گه‌یشتووه سه‌رگۆڵی یانه‌ی ئاشتی و له‌خوله‌كی 72 تۆپی دووهه‌می له‌گۆڵی ئه‌و یانه‌یه جێگر كرد.
هه‌رچه‌نده دوای تۆمار كردنی دوو گۆڵه‌كه یانه‌ی میوان فشاره‌كانیان له‌سه‌ر هه‌ڵه‌بجه زیاد كرد، به‌ڵام سه‌رئه‌نجام تا دواساته‌كان یاری به‌ئه‌نجامی دوو گۆڵی بێ وه‌ڵام مایه‌وه. به‌وه‌ش یانه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید له سێ یاریدا چوار خاڵی كۆكردوه‌ته‌وه، هه‌رچی یانه‌ی ئاشتی یه دوو یاری ئه‌نجام داوه‌و ته‌نها یه‌ك خاڵی له‌ریزبه‌ندی به‌ده‌ست هێناوه.
spee-kfa
PM:08:17:29/01/2018