دێربی پیرمام بەیەکسانبوون کۆتایی ھات
وەرزی نوێی٢٠١٧ - ٢٠١٨ـی خولی نایابی تۆپی پێی کوردستان دەستیپێکرد و، دێربی پیرمام بەیەکسانبوون کۆتایی ھات.
لەدەستپێکی یارییەکانی خولی نایابی کوردستان لە یاریگەی خۆی یانەی ئارارات پێشوازی لە یانەی پێشمەرگەی ھەولێر کرد، یارییەکەیش بەگۆڵێک بۆ ھەرلایەکیان کۆتایی ھات.
لەگێمی یەکەم، پاڵەوانی وەرزی رابردوو یانەی پێشمەرگەی ھەولێر بە ئاستێکی لاواز دەرکەوت، ھاوکات یانەی ئارارات لەو گێمەدا کۆنتڕۆڵی یارییەکەی کرد و چەندان ھێرشی مەترسیداری خستە سەر گۆڵی ئەحمەد بەشاری گۆڵپارێزی یانەی پێشمەرگە.
لەخولەکی ٩ـی یارییەکە جێگیر عەزیز یانەی ئاراراتی بەگۆڵێک پێشخست، دوای ھێرشێکی خێرا کە لەلای باڵی راست جێبەجێکرا.
دوای ئەم گۆڵە یاریزانانی سەمیر بابۆ ھیچ کاردانەوەیەکیان نەبوو، لەبەرانبەردا، یاریزانانی ئارارات بەردەوام بوون لەپاڵەپەستۆ خستنەسەر یاریزانانی پێشمەرگە ھەر لەو گێمەدا سەنگەر محەمەد ھێرشبەری ئارارات خەریک بوو گۆڵی دووەم تۆمار بکات، بەڵام گۆڵپارێزەکەی پێشمەرگە رێگری کرد و ئەم گێمەیش بەو تاکە گۆڵە کۆتایی ھات.
لە گێمی دووەم، یانەی پێشمەرگە ریزەکانی رێکخستەوە و ئەوەندەی نەخەیاند و لەخولەکی ٤٩دا تالیب رەقیب بەلێدانکی راستەوخۆی جوان گۆڵی یەکسانبوونەوەی تۆمار کرد.
دوای ئەم گۆڵە ئاستی ھەردوو یانە لەیەکەوە نزیک بوو، تۆپ زیاتر لەناوەڕاستی یاریگەبوو.
ھەر لەو گێمەدا ھەردوو راھێنەر چەند گۆڕانکارییەکیان ئەنجامدا و بەھۆی ھەستیاری یارییەکەیش بەرگریکارانی ھەردوو یانە بەوریایی مامەڵەیان لەگەڵ یارییەکە دەکرد، ئەوەی جێگەی باسکردنە لەم گێمە یانەی ئارارات بەشداری بە مەحەمەد یەعقوبی یاریزانی پیشەگەری ئێرانی کرد و ئەو یاریزانە لە خولەکی ٨٢ خەریک بوو تۆڕی گۆڵی پێشمەرگەی بھەژێنێت، دوای ئەوەی دوو یاریزانی بڕی تۆپێکی بەھێزی ئاراستەی گۆڵی ئەحمەد بەشار کرد، بەڵام تۆپەکەی بەستوون کەوت.
لەدوایدا یارییەکە تاکۆتایی بە ئەنجامی یەکسانبوون و بەگۆڵێک بۆ ھەر لایەکیان کۆتایی ھات و ھەردوو یانە خاڵێکیان بەرکەوت.
spee-kfa
AM:12:37:02/02/2018