برایەتی لە ھەولێری بردەوە و گەڕایەوە ریزبەندی دووەم


لە قۆناغی دووەمی خولی یانە نایابەكانی كوردستان و لە گەڕی پێنجەمـدا، یانەی برایەتی لە یاریگای یەكەمی فرەنسۆ هەریری میوانداری یانەی ھەولێری ھاوشاری كرد و یاریەكەیشی بەئەنجامی گۆڵێکی بێ بەرانبەر بۆ یانەی برایەتی کۆتایی ھات.

نیوەی یەكەم

بە فیكەی ناوبژیوان (نەوزاد ساڵح) یارییەکە دەستی پێكرد و تا خولەكی ٢٣ هەوڵەكانی هەردوو یانە هیچ دەرفەتێکی راستەقینەی لێ بەرهەم نەهات، زیاتر لە دەرەوەی ناوچەی سزا خۆیان تاقی دەكردەوە، دواتر یارییەکە کرانەوەی زیاتر بەخۆیەوە بینی، لە خولەکی ٢٤ یانەی ھەولێر لەرێگەی (دانا عوسمان) دەستپێشخەری کرد و یەکەم دەرفەتی یانەکەی لەدەستدا، لەخولەکی ٣٦ (بارزان شێرزاد) لەبەردەم گۆڵ ھەلێکی دەیکەی بۆ یانەی ھەولێر بەفیرۆدا.
لەخولەکی ٣٩ ولە ھێرشێکی خێرا و پێچەوانەدا یانەی برایەتی لەرێگەی (عومەر عومەر) گۆڵی یەکەمی برایەتی و خاوەن یاریگە تۆمار کرد.
گێمی یەکەم بە ئەنجامی گۆڵێکی بێ بەرانبەر بۆ یانەی برایەتی کۆتایی ھات.

نیوەی دووەم

لە گێمی دووەم ھەردوو راھێنەر چەندان گۆڕانکارییان ئەنجامدا، برایەتی ھەوڵی پتەوکردنی ریزەکانی دەدا و ھەولێریش بۆ یەکسانبوون و دواتر بردنەوە یاری کرد و، ناوەڕاست و ھێلی پێشەوەی بەو گۆڕانکارییانە بەھێزتر کرد، لە سەرەتای ئەم گێمە، یانەی میوان فشاری خستە سەر گۆڵی (ھەورامان رزگار)ـی گۆڵپارێزی برایەتی و، ھەر لە خولەکی ٤٧ (دانا عوسمان) خەریک بوو گۆڵی بەرانبەر بۆ ھەولێر تۆمار بکات بەڵام تۆپەکەی بەستوون کەوت.
لە خولەکی ٥٤ لە کۆرنەرێکدا (دڵدار خدر )بەتۆپێکی سەر نزیک بوو گۆڵێک بۆ ھەولێر تۆمار بکات، بەڵام تۆپەکەی بۆ دەرەوە ھەنگاوی نا.
یارییەکە بە خێرایی بەسەر یانەی ھەولێر و، بەپێچەوانەوە بە قوڕسی بەسەر برایەتی تێدەپەڕی، ھەولێر فشارێکی توندی خستە سەر گۆڵی برایەتی، سەوز پۆشەکانیش پشتیان بەھێرشی پێچەوانە بەست، یانەی ھەولێر زنجیرەیەک دەرفەتی لەو گێمەدا لەدەستدا، بەتایبەتی لەدوا خولەکەکانی یارییەکەدا، گرنگترینیان دوو ھەلی ئاسان لەلایەن (جاسم محەمەد)ـی ھێرشبەری یانەکە، کە دانەیەکیان بە ستون کەوت و ئەویتریان راستەوخۆ لەبەردەم گۆڵی برایەتی بوو و کەوتە ناو دەستی (ھەورامان رزگار)ـی گۆڵپارێز.
لەدواییدا، ناوبژیوان فیکەی کۆتایی لێدا بە سەرکەوتنی برایەتی بەئەنجامی گۆڵێکی بێ بەرانبەر.
بەو ئەنجامە، یانەی برایەتی خاڵەکانی گەیاندە ٢٢ خاڵ و خۆی گەیاندە ریزبەندی دووەم، ھەولێریش بە ١٧ خاڵ ھەر لە ریزبەندی پێنجەم مایەوە.

یەکێتی تۆپی پێی کوردستان


PM:09:37:27/04/2018