پێشمەرگە گرێ کوێرەی یاریگەی شێروانەی کردەوە


لەگەڕی چواردەیەمی خولی نایابی کوردستان، پێشمەرگەی ھەولێر لەدەرەوەی یاریگەی خۆی سەرکەوتنێکی گرنگی بەدەستھێنا و بەگۆڵێکی بێ بەرانبەر لە یانەی شێروانەی بردەوە و گرێ کوێرەی ئەو یاریگەیەی کردەوە، کە چوار وەرزە لەناو یاریگەی شێروانە یەکسان دەبێت.

بەھۆی بوونی بایەکی زۆر کاریگەری لەسەر ئاستی ھونەری یارییەکە کرد بوو، لەنیوەی یەکەمدا شێروانە باشتر یاری دەکرد و چەند جارێک لە تۆمارکردنی گۆڵی پێشکەوتن نزیک بوون، لەخولەکی ٦ یشدا ئامانج ئەکرەم تازە یاریزانی شێروانە، لێدانێکی سزای لەدەستدا.

نیوەی دووەم پێشمەرگەی ھەولێر باشتر یاری کرد و ھەر زوو لە خولەکی ٥٣ دا (گۆران عیماد) بەلێدانی ڕاستەوخۆ گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد.
لە نیو کاتژێری کۆتایی یارییەکە، ڕاھێنەرانی ھەردوو یانە، چەند گۆڕانکارێکیان لە پێکھاتەی تیپەکانیان کرد و یارییەکە چەندین دەرفەتی گۆڵ تۆمارکردنی بەخۆیەوە بینی، بەڵام یارییەکە بەو تاکە گۆڵە لەبەرژەوەندی پێشمەرگەی ھەولێر کۆتایی ھات.

پێشمەرگەی ھەولێر بەم بردنەوە، ژمارەی خاڵەکانی کردە ٢٢ خاڵ و بەجیاوازی گۆڵ لە پلەی دووەم دێت.

 

راگەیاندنی پێشمەرگەی هەولێر




PM:07:50:07/02/2020