وەزارەتی ناوخۆ: هەمان شێوازو تەکنیکی هێرشی پێشووی سەر فرۆکەخانەی هەولێر بەکارهاتووە

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم دوای ١٢ کاتژمێر لە هێرشە مووشەکیەکەی سەر هەولێر، راگەیاندنێكی نوێی بڵاوکردەوەو دەڵێت " هەمان شێواز و تەکنیک لە هێرشی پێشووی سەر فرۆکەخانەی هەولێر بەکارهاتبوو".

 

دەقی راگەیاندراوەکە..

دوای ئەوەی کاتژمێر 9:30 ی دوێنێ شەو 2021/2/15 ، چەند مووشەکێک بەر فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و چەند گەڕەکێکی شاری هەولێر کەوتن، لە ئەنجامدا لە ناو فڕۆکەخانە بووە هۆی گیان لە دەستدانی کەسێک و برینداربوونی پێنج کەسی دیکە. لە ناو شاری هەولێریش سێ کەسی دیكه‌ برینداربوون. ئەمە جیا لەوەی زیانی ماددیشی بە چەندین ماڵ و شوێنی بازرگانی گەیاندووە.

دوای ئەوەی دەستبەجێ دەزگاکانی دژە تیرۆر و ئاسایش و پۆلیس دەستیان بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون کرد، بە هەماهەنگیی لەگەڵ هێزی هاوپەیمانان، شوێنی ئەو ئۆتۆمبێلەیان دۆزییەوە، کە مووشەکەکانی لێ هاوێژراوە، ئۆتۆمبێلەکە جۆری (کیا)یە و لە رێگەی نێوان هەولێر و گوێڕ دۆزرایەوە

ئەوەی جێگەی سەرنجە، هەمان شێواز و تەکنیک لە هێرشی پێشووی سەر فرۆکەخانەی هەولێر بەکارهاتبوو، لە هێرشی دوێنی شەویش دووبارە بووەتەوە. لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ ئاشکراکردنی ئەو کەس و لایەنانەی لە پشت هێرشەکەوەن و خەڵکی شاری هەولێر و هەرێمی کوردستانیش دڵنیا دەکەینەوە، کە هەموو ئەوانەی دەستیان لەم هێرشەدا هەیە و ئەنجامدەری ئەم تاوانەن، ئاشكرا و ریسوا دەکرێن و بە سزای خۆیان دەگەیەنرێن.

وەزارەتی ناوخۆی

حکومەتی هەرێمی کوردستان

2021/2/16

 

 



PM:12:02:16/02/2021