رێکخراوی CPJ داوای ئازادکردنی دەستگیرکراوەکانی بادینان دەکات

ڕێکخراوی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوانان CPJ لەبارەی بڕیاری دادگای هەولێر بۆ زیندانیکردنی پێنج دەستگیرکراوی بادینان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند" لەنا هۆڵی دادگادا یەکێک لە زیندانییەکان وتویەتی، ئەشکەنجە و ئازار دراوە". 

 

ئیگناسیۆ میگێل دیلگادۆ نوێنەری (CPJ)، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا لەراگەیەندراوێکدا بڵاویکرەوە، ئەو بەڵگانەی کە پێشکەش بە دادگاکران، بریتی بون لەچەند گفتوگۆیەکی کەسی کە دەتوانرێت خوێندنەوەی جیا جیای بۆ بکرێت، ھەروەھا کۆمەڵێک وێنە کە بۆ کاری رۆژنامەوانی بەکاربردرابون، لە ھەمانکاتدا گفتوگۆکانیان لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ھەرێمی کوردستانی عێراقدا وەک بەڵگەی تاوان ئاماژەیان پێدرا. 

ئاماژەی بەوەشکردوە، لە کاتی پشوێکی کورتی دادگاییکردنەکەدا، شێروان کە لەگەڵ چوار زیندانی تری بادیناندا لەناو قەفەسی ھۆڵی دادگادا بو، بەو ئەندامانی تیمی CPT کە لەناو دادگادا ئامادەییان ھەبو راگەیاندوە، "ناوبراو ئەشکەنجە و ئازار دراوە"، ھەروەھا شێروان داوای لە CPT کرد کە پەیامێکی ناوبراو بۆ ڕایگشتی بخەنەڕو، وتی، چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەیەکگرتویی بمێننەوە و ئەوەی کە لە توانایاندایە بیکەن بۆ فشارخستنەسەر حکومەتی ھەرێم بەمەبەستی گێڕانەوەی دادپەروەری بۆ زیندانیانی بادینان.

 

لەراگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتوە، بەرئەنجامی چاودێریکردنی پڕۆسەی دادگاییەکە لەلایان CPT و رێکخراوەکانی تری مافی مرۆڤ قسەکانی شێروان شێروانی پشتڕاستدەکەنەوە، پارێزەرانی ئەنجومەنی ئاسایش ھیچ بەڵگەیەکی ڕاستەوخۆ و بڕواپێھێنەریان پێشکەش نەکرد، کە تۆمەتەکانیان بۆ چالاکوانان و رۆژنامەوانانی بادینان بسەلمێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا بە تاوان ھەژمارکردنی پەیوەندی بەستن بە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ سەبارەت بە ئازادی و مافە مەدەنییەکان، دەستوەردانی سیاسیە بۆ کپکردنی دەستپێشخەرییە مەدەنییەکانی مافی مرۆڤ، کە تیایدا پەیوەندی کردن لەگەڵ دەزگاکانی مافی مرۆڤ وەک لێدان لە ئاسایش و یەکێتی دەوڵەت پێناسەدەکرێت.

ئەوەش خراوەتەڕوو، وەک ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی بواری مافەکانی مرۆڤ، تیمی کوردستانی عێراقی CPT، بانگەواز لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە ناحکومییەکان دەکات کە لە "دژی یٔەو بڕیارە نادادپەروەرییە" ھەڵوێست وەربگرن بۆ دڵنیابونەوە لەسەروەری و سەربەخۆیی یاسا لەکاتی تێھەڵچونەوەی بڕیارەکەی دادگا.

 

دوێنێ سێشەممە دادگای‌ دووی‌ هه‌ولێر‌ سزای‌ شه‌ش ساڵ زیندانیكردنی‌ به‌سه‌ر هه‌ریه‌ك له‌رۆژنامه‌نوسان ‌و چالاكوانانی‌ بادینان ‌(شێروان شێروانی، گۆهدار زێباری، شڤان سەعید، ئەیاز کەرەم‌و هاریوان عیسا)دا سه‌پاندن.



AM:10:07:17/02/2021