سلێمانی.. گردبوونەوەیەکی ناڕەزایی لەبارەی حوکمدانی دەستگیرکراوەکانی بادینان سازدەکرێت

بڕیارە ڕۆژی پێنج شەممە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایی دژی حوکمدانی دەستگیرکراوەکانی بادینان لە شاری سلێمانی بەڕێوەبچێت. 

 

لە بانگەوازێکی بەپەلەدا دەستەیەک لە پارێزەران و یاسا ناسان و چالاکوانی مەدەنی ئاماژەیان بەوەکردووە" لە پێناو بەرگری کردن لە کەیسی زیندانیانی بادینان و سەروەری یاسا و شکۆی دادگا، سەرجەم پارێزەران و یاساناسان و چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕووناکبیران و مامۆستایان و فەرمانبەران و سەرجەم چین و توێژەکان بانگهێشت دەکەین بۆ گردبونەوەیەکی جەماوەری لەبەردەم باخی گشتی لە ڕۆژی پێنج شەممە کاتژمێر ٢:٠٠، بە مەبەستی دروست کردنی فشار  بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە نا یاسایی و ستەمکارانەیەی دادگای تاوانەکانی هەولێر و گەڕانەوەی شکۆی دادگا و سەروەری یاسا و پاراستنی شکۆی تاکی کورد و بەرەو ڕوو بونەوەی سەرکوت کردنی ئازادیەکان". 

 

دەشڵێن" ئەمەی کە ڕویدا لە کەیسی زیندانیانی بادینان پێشهاتێکی زۆر مەترسیداری بەکارهێنانی دەسەڵاتی دادوەریە وەک ئامرازێکی بەرتەسککردنەوەی ئازادیەکان و بچوککردنەوەی ئەو دەزگایە و بەکارهێنانی لە بەرژەوەندی حیزب و دەسەڵات". 

ئەوەش هاتووە، هەر بۆیە ئەم بابەتە پەیوەندیدارە بە هەر یەکێک لە تاکەکانی کۆمەڵگەوە و ئەرکی هەموومانە کە بەرگری لە ئازادیەکان بکەین و سنورێک بۆ ئەو دەستوەردانە ناڕەوایەی دەسەڵاتی دادوەری دابنێین. 

هاوکات لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا بانگەوازی هەموو چین و توێژەکان دەکەن بۆ بەشداری فراوان لەو گردبونەوەی ناڕەزایی یە، بەمەش بەشدار دەبن لە هەوڵی پاراستنی شکۆی تاک و گەل و شکۆی دادگاو سەروەری یاسا. 



PM:10:45:21/02/2021