وەزارەتی شارەوانی: گرفتی كۆمپانیاكانی پاككردنەوەی سلێمانی چارەسەر بووە

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند" گرفتی كۆمپانیاكانی پاككردنەوەی شاری سلێمانی چارەسەر بووە". 

 

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەنراوێکی لەبارەی کێشەی ئەمڕۆی کۆمپانیاکانی پاککەرەوە لە سلێمانی بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت" پرۆسەی تەندەرینگی كۆمپانیاكانی كۆكردنەوەی خاشاك، بەپێی ڕێنمایی گرێبەستە گشتییەكان ژمارە (2)ی ساڵی 2016ی وەزارەتی پلاندانان ئامادە كراوەو هەموو ئەو كۆمپانیایانەی كە بەشدار بوون، لەسەر ئەو مەرجانە ڕازی بوون و بۆ بەدەستهێنانی ئەو تەندەرانە كێبڕكێیان كردووە، بۆیە گرفتی كۆمپانیاكانی پاككردنەوەی شاری سلێمانی چارەسەر بووە".

 

دەشڵێت" دوای دەرچوونی تەندەر بۆ كۆمپانیا، بۆ ئەوەی گرێبەست واژوو بكرێت، پێویستە لەسەر كۆمپانیاكان كە تەواوی بەڵگە و دۆكۆمێنتەكانیان ئامادەبكەن".

 

وەزارەتەكە لەبەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا ئاشکراشیکردووە، گرفتی بەشێك لە كۆمپانیاكان لەوەدایە، هەندێك لە مەرجەكانیان تێدانییە و تەندەریان پێشكەشكردووە، لە كاتێكدا هەموویان بینیویانە كە بەشێكی بڕگەكان پەیوەندییان بە ئامێرەكانەوە هەیە و لە ڕێنمایی گرێبەستە گشتییەكان ژمارە (2)ی ساڵی 2016ی وەزارەتی پلانداناندا هاتووە و هەمووشیان ئاگاداری ئەو بەندانەن و دەبوو خۆیان زوو دەستەبەری بانكی (خگاب چمان)یان پێشكەشی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریان بكردایە.

جەختیشیدەكاتەوە، هەموو كۆمپانیاكان دڵنیادەكەینەوە كە بودجەیان بۆ دابینكراوە و شایستە داراییەكانیان وەردەگرن، بەو مەرجەی تەواوی ڕێنماییەكانی گرێبەستە گشتییەكان جێبەجێ كرابن. هەندێك لەو كۆمپانیایانە كە مەرجەكانی ئالیاتیان تێدانییە و وەك خۆی جێبەجێیان نەكردووە.

داواش لە كۆمپانیاكان دەكات، كاتێك تەندەر پێشكەشدەكەن، دەبێت ئامادەییان تێدابێت، هەموو بەندەكانی گرێبەست جێبەجێ بكەن.



PM:05:10:09/03/2021