پۆلیسی هەولێر: پیاوێك دەستگیركرا كە هەوڵی كوشتنی ژنەكەی خۆی داوە

پۆلیسی هەولێر ئاشکرای دەکات، هاوڵاتییەک دەستگیرکرا کە هەوڵیداوە هاوسەرەکەى بکوژێت و چووەتە ناو قوتابخانەیەکیش هەڕەشەی کوشتنی لە بەڕێوەبەری قوتابخانەکە کردووە. 

 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر لەراگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویکردەوە، بەشی پۆلیسی فریاكەوتنی هەولێر، پاش ئاگاداركردنەوەیان كە هاووڵاتییەك لە گەڕەكی هەولێری نوێ دەیەوێ هاوسەری خۆی بكوژێت و چووبووە ناو قوتابخانەیەك و هەڕەشەی كوشتنی لە بەڕێوەبەری قوتابخانەكەش كردبوو، دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی رووداوەكە و توانییان تۆمەتبارەكە بە ناوی (گ.ع.م) دەستگیر بكەن.

ئەوەشی خستەڕوو، تۆمەتباری ناوبراو، بە چەك رووبەڕووی هێزەكانی پۆلیس ببووەوە، بەڵام هەر زوو قۆڵبەستیان كرد، كە لە كاتی دەستگیركردنیشیدا، دەست بەسەر دەمانچەیەك و مەخزەنێك و كلاشنكۆفێك و هەروەها سێ مەخزەن و 83 فیشەكی زیندوودا گیرا.

ئاماژەی بەوەشكرد" دواتر تۆمەتبارەكە و چەكەكان و فیشەكەكانیش رادەستی بنكەی پۆلیسی راپەڕین كران بە مەبەستی گرتنەبەری رێكاری یاسایی بەرامبەر تۆمەتبارەكە". 



PM:01:04:11/03/2021